مه‌ترسیی حه‌بێكی‌ كێش دابه‌زاندن راگه‌یه‌نرا

:: PM:03:21:02/12/2023 ‌
ده‌رمانێكی‌ دژه‌ قه‌ڵه‌وی‌ كه‌ تایبه‌ت بوو به‌وه‌ی له‌كاتی‌ به‌كارهێنانی‌ هه‌ست به‌ تێربوون بكه‌ی‌، ده‌ركه‌وت كێشه‌ی‌ لاوه‌كی‌ زۆره‌ و ده‌رمانه‌كه‌یش به‌رهه‌مهێنانی‌ راگیرا. 

ده‌رمانه‌كه‌ له‌لایه‌ن كۆمپانیای‌ فایزه‌ره‌وه‌ به‌رهه‌م هێنرابوو، به‌ ناوی "دانۆگلیبرۆن"، ئه‌م ده‌رمانه‌ سه‌ربه‌ پۆلێكی نوێی چاره‌سه‌ره‌ بۆ هۆرمۆنی هه‌رس گلوكاگۆن، یان GLP-1كه‌ ده‌بێته‌ هۆی هه‌ستكردن به‌ تێربوون و دابه‌زاندنی كێش.

"دانۆگلیبرۆن" جیاوازه‌ له‌ ده‌رمانه‌ كێبه‌ركێكاره‌كان كه‌ پێشتر له‌ بازاڕدا هه‌بوو، چونكه‌ به‌ ده‌رزی نادرێت، به‌ڵكو به‌شێوه‌ی حه‌ب ده‌درێت.

له‌ كاتی تاقیكردنه‌وه‌ كلینیكه‌كه‌دا، كۆمپانیای فایزه‌ر تاقیكردنه‌وه‌ی خواردنی ئه‌م حه‌بانه‌ی كردووه‌ له‌ ڕۆژێكدا دووجار، به‌ڵام ڕای گه‌یاندووه‌ كه‌ ئه‌و ده‌رمانه‌ ناشێ‌ له‌ رۆژێكدا دووجار بخورێت. 

فایزه‌ر ڕوونیشی كرده‌وه‌، له‌ تاقیكردنه‌وه‌كه‌دا كاریگه‌رییه‌ لاوه‌كییه‌كانی هاوشێوه‌ی ئه‌و كاریگه‌رییانه‌ی ده‌ركه‌وتووه‌، كه‌ پێشبینی ده‌كرا به‌هۆی ده‌رمانێكی له‌م جۆره‌وه‌ بێت، بۆ نمونه‌ حاڵه‌ته‌كانی سكچوون گه‌یشتووه‌ته‌ 73% و ڕشانه‌وه‌ گه‌یشتووه‌ته‌ 47%.

زیاتر له‌ نیوه‌ی ئه‌و به‌شدارانه‌ی ئه‌م ده‌رمانه‌یان وه‌رگرتووه‌، چاره‌سه‌ریان وه‌ستاند، به‌ڵام "دانۆگلیبرۆن" سه‌لماندوویه‌تی كه‌ ده‌بێته‌ هۆی دابه‌زاندنی كێش.

جێی‌ ئاماژه‌یه‌ كه‌ ده‌رمانی دژه‌ قه‌ڵه‌وی له‌ دنیادا خواستێكی‌ زۆری‌ له‌سه‌ره‌، به‌ڵام هه‌موو ئه‌و ده‌رمانانه‌ی به‌كار ده‌هێنرێن، زیانی‌ لاوه‌كییان زیاتره‌ له‌وه‌ی‌ كاریگه‌ریی‌ له‌سه‌ر قه‌ڵه‌وی‌ هه‌بێـت. 



وشە - وشه‌