چارەسەری نەخۆشیی ئۆتیزم دۆزرایەوە

:: PM:09:37:05/12/2023 ‌
زانایانی چین توانیان لە پەرەدان بە پێكووتەیەك سەركەوتن بە دەست بێنن كە چارەسەری نەخۆشیی ئۆتیزم دەكات لە منداڵاندا، بەڵام تا ئێستە تاقیكردنەوەكانیان تەنیا لەسەر دوو مشك ئەنجام داوە و دەرەنجامی زۆر ئەرێنی و چاوەڕوان نەكراوی هەبووە بۆ چارەسەری نەخۆشییەكە، ئەمەیش ئومێدێكی گەورەیە بۆ مرۆڤایەتی لەپێناو زاڵبوون بەسەر ئەم نەخۆشییەدا.

بەپێی ئەو زانیارییانەی كە رۆژنامەی "دەیلی مەیل"ی بەریتانی بڵاوی كردووەتەوە، پێكووتەكە تا ئێستە لەسەر دوو مشك  تاقی كراوەتەوە، بەڵام دەرەنجامەكان نیشانی دەدەن كە دەتوانرێ یارمەتیدەری مرۆڤ بێت لە زاڵبوون بەسەر نەخۆشیی ئۆتیزمدا.

زانایان لە زانكۆی "شەنگهای" هەستان بە كوتانی دوو مشك، كە لە ئەنجامی كوتانەكەدا گۆڕانێك لە ترشی ناوكی پێوەندار بە نیشانەكانی ئۆتیزم گۆڕانكاریی بەسەردا هات. 

بەپێی دەرەنجامەكان، دوو مشكەكە كە پێكووتەكەیان بۆ كرابوو، بە تەواوی رەفتار و هەڵسووكەوتەكانیان گۆڕانكارییان بەسەردا هاتبوون.

لە ئەنجامی كووتانەكەدا زانایان سەركەوتنیان بەدەست هێنا لە گۆڕینی جیناتی ئۆتیزم كە بە mef2c ناسراوە و بەرپرسە لە گەشەكردنی مێشك و كێشە هەستیارەكانی گەشەی مێشك لە مرۆڤدا.

نەخۆشیی ئۆتیزم، نەخۆشییەكە و لە منداڵاندا دەستنیشان دەكرێ و كار لە رەفتاریان دەكات، ساڵ بە ساڵ ڕێژەكەی بەرەو بەرزبوونەوە دەڕوات، بە جۆرێك بەپێی ئامارە جیهانییەكان لە ساڵی 2020دا لە هەر 36 منداڵ، منداڵێك تووشی نەخۆشییەكە بووە، ئەمە لەكاتێكدا لە ساڵی 2006دا رێژەكەی زۆر كەمتر بوو، لە 110 منداڵ، یەك منداڵ دووچاری نەخۆشیەكە دەبوویەوە.


وشە - رزگار خدر