ئەوەی بافڵ دەیکات فڕی بە سەروەریی یاساوە نییە

:: AM:10:40:15/02/2024 ‌
لەدوای رووداوەکانی هەشتی تەمووز، بافڵ تاڵەبانی پێوەندییەکانی خۆی لەگەڵ چەندان بەرپرس و کادیری ناو حزبەکەی تێکداوە و پەلاماری داون، لەوانە لاهوور جەنگی و براکانی، مەلا بەختیار و مەحمود سەنگاوی و هەندێکیشی ناچار بە هەڵاتن کردوو، لەوانە لاهوور جەنگی ئەژی ئەمین و دێرین عوزێری و چەندانی تر. 

بوونی بافڵ تاڵەبانی بە سەرۆکی یەکێتی، بۆ سەپاندن و جێگیرکردنی دەسەڵات و پێگەی خۆی چەندان تیرۆر و کوشتنی ئەنجام دراوە کە گومان دەکرێت بکەری سەرەکی ئەو تیرۆرانە خودی بافڵ تاڵەبانی بن، لەوانە، هاوکار جاف، موراد کانی کوردەیی و ئاکام عومەر و نیاز دەرگەڵەیی و چەندان تیرۆری تر. 

"وشە" ئەوەی زانیوە کە بە فەرمانی بافڵ تاڵەبانی بەرپرسانی دژە تیرۆری یەکێتی و بەرپرسە سەربازییەکانی نزیک لە خۆی سەرپشک کراون لە هەر کارێکی نایاسایی و پەلاماردانی خەڵکی و تیرۆر و سەرانە وەرگرتن بۆ خزمەتی خۆیان و بافڵ تاڵەبانی و یەکێتی.

 لەچەند رۆژی رابردوودا بەرپرسێکی دژەتیرۆری یەکێتی، دوو هاووڵاتیی بەڕەگەز عەرەبی لەناو شاری سلێمانی تیرۆر کرد و لە ڕاگەیەنراوێکدا عەشیرەتی بەنی تەمیم ئەوە دەخەنەڕوو کە بکوژی ئەو دوو کەسەیان لە سلێمانییە و لەلایەن بەرپرسێکی سەربازیی یەکێتیەوە کوژراوە و هەڵوێستی رژدیان دەبێت ئەگەر بە سزای خۆی نەگات. 

هەر لەچەند رۆژی رابردوودا لە لایەن هێزێکی یەکێتیەوە هێرش کرایە سەر ماڵی دێرین عوزێری فەرماندەی هێزەکانی حەفتای یەکێتی بە پاساوی زیادەڕۆیی و سەرانە وەرگرتن لە بازرگانان و دواجار ناوبراو هەڵهات و دەستبەجێ ماڵەکەیان تەقاندەوە و خاپوور کرد. 

دکتۆر میدحەت سولێمان نووسەر و چاودێری سیاسی بە "وشە"ی راگەیاند، تەقاندنەوەی ئەو ماڵە کارێکی زۆر قێزەون و نامرۆڤانە و ناشیرین بوو، دوور بوو لە هەموو یاسا و رێسا و دابونەریتەکان، تەنیا لە سەردەمی بەعسدا لەم جۆرە کارانە دەکرا بەرانبەر کەسانی تاوانبار. 

با ئەو بەرپرسە سەربازییە رادەستی یاسا بکات کە چەند رۆژ لەمەوبەر دوو هاووڵاتیی عەرەبی لە سلێمانی تیرۆر کردووە
ئەو روونی کردەوە ئەگەر بافڵ تاڵەبانی دەیەوێ یاسا سەروەر بێت با ئەو بەرپرسە سەربازییە رادەستی یاسا بکات کە چەند رۆژ لەمەوبەر دوو هاووڵاتیی عەرەبی لە سلێمانی تیرۆر کردووە، نەک یاسا بۆ هەندێ کەس هەبێ و بۆ دەوروبەری خۆی نەبێت. 

جگە لەمە وەک زیاتر خستیە روو، ئەگەر پاساوەکە سەرانە وەرگرتنە، ئەوە بەسەدان بەرپرسی مافیا لە سلێمانی هەن کە ئەو کارە دەکات، ئایا بافڵ تاڵەبانی هەمان بڕیاریش بۆ ئەوان دەردەکات، ئایا لەناو یەکێتی و سلێمانی بەس ئەم کەسەی تێدایە کە سەرانەی وەرگرتووە، کەسی دیکە بوونی نییە، ئەگەر بوونی هەیە کەی ئەوانەیش رووبەڕووی یاسا دەکاتەوە، بۆیە بەدڵنیاییەوە بابەتەکە لە سەرانە و زەویی زیادەڕۆیی و ئەوانە گەورەترە و ماستە کە موویەکی تێدایە. 

"کارەساتێکی لەوە گەورەتر ئەوەیە کە شەخس بڕیار بدات لە بری دادگا و حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمە بەتەواوی دژی یاسا و ئاشتیی کۆمەڵایەتییە کە کەسێک هەستێت بە حەز و ئارەزووی خۆی بڕیاری دەستگیرکردنی کەسێک دەربکات و دواتر بچێتە سەر ماڵەکەی و بتەقێنێتەوە و حساب بۆ هیچ دادگا و یاسا و مافێکی مرۆڤ نەکات، ئەمە کارەساتی گەورە لەو دەڤەرەدا بەدوای خۆیدا دەهێنێت و هەرکات بیهەوێت و هەرکەسێکی بەدڵ نەبێت سیناریۆیەکی بۆ دروست دەکات و ئەم جۆرە کارانە دووبارە دەکاتەوە" دکتۆر میدحەت سولێمان نووسەر و چاودێری سیاسی وای گوت. 

هەولێر\وشە




وشە - تایبه‌ت