دۆخەكە بۆچی هێور بووەوە و پێوەندی بە قاسم سلێمانییەوە چییە؟

:: PM:07:06:18/02/2024 ‌

ئەمڕۆ ئاژانسی "رۆیتەرز"ی ئەمەریكی تیشكی خستە سەر هۆكارێكی وەستانی هێرشی گرووپە چەكدارە شیعەكانی عێراق بۆ سەر بنكە سەربازییەكانی ئەمەریكا لە عێراق و سووریا، ئەو باسی ئەوەی كردووە كە راستەوخۆ دوای هێرشەكەی ئوردن و كوژرانی سێ سەربازی ئەمەریكا، ئیسماعیل قائانی لە فڕۆكەخانەی بەغدا بەو گرووپانەی گوتووە كە هێرشەكانیان بوەستێنن، بەڵام بۆچی؟ 

بەپێی سەرچاوەكان ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێران لە 29ی كانوونی یەكەمی رابردوو، واتە كەمتر لە 48 سعات لە تۆمەتباركردنی ئەمەریكا بۆ گرووپە چەكدارەكانی سەر بە ئێران بە ئەنجامدانی هێرشەكەی سەر تاوەری 22 لە بنكەی سەربازیی ئەمەریكا لە ئوردن و كوژران و برینداربوونی ژمارەیەك سەربازی، قائانی چاوی بە فەرماندە و نوێنەری گرووپە چەكدارەكان كەوتووە و پێی راگەیاندوون كە رشتنی خوێنی ئەمەریكییەكان دەبێتە هۆی وەڵامدانەوەیەكی توندی ئەمەریكا، بۆیە پێویستە دۆخەكە هێور بكەنەوە و خۆیان لە گۆڕەپانەكە دوور بخەنەوە، ئەوەش بۆ خۆپاراستن لە هێرشەكانی ئەمەریكا و كوشتنی فەرماندەكانیان و لەناوبردنی ژێرخانیان، تەنانەت تۆڵەكردنەوەی راستەوخۆ لە ئێران.

لەبارەی هۆكاری راستەقینەی ئەو هەوڵەی ئێران بۆ راگرتنی هێرشی گرووپە چەكدارەكان، ئەحمەد شەریفی، شارەزای تەناهی دەڵێت، ئێران نایەوێ لەوە زیاتر بەهۆی هێرشی میلیشیاكانی لە عێراق و سووریا بكرێتە ئامانج، بەتایبەتی كاتێك ئیدارەی ئەمەریكا هەموو سەرەداوی یارییەكانی ئێرانی لە ناوچەكە بۆ ئاشكرا بووە، بۆیە باش دەزانێت كە سەپاندنی سزای زیاتر بەسەر ئێران، چارەسەری بەرپەرچدانەوەی گرووپە چەكدارەكانە، ئێرانیش بۆی دەركەوت هەر پەرەسەندنێك لەو قۆناغەی ئێستە، زیانی راستەوخۆی گەورەی لێ دەدات، بۆیەش دەیەوێ دۆخەكە هێور بكاتەوە، ئەگەر بەشێوەیەكی كاتیش بێت.  

لای خۆیەوە سیاسەتەوانێكی چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعە دەڵێت، وەڵامانەوەكەی ئەمەریكا بەشێوەیەك بوو خزمەتی بە بەرژەوەندیی حكوومەتی عێراق كرد، چونكە دوای ئەو هێوربوونەوەی دوای هێرشەكە دروست بوو، گفتوگۆكانی نێوان بەغدا و واشنتن بۆ كۆتاهێنان بە بوونی سەربازیی ئەمەریكا لە عێراق دەستی پێ كرد، ئەو گفتوگۆیانەی ئەمەریكا رەتی كردەوە بۆ گفتوگۆكردن بێت لەبارەی كشانەوەی ئەمەریكا لە عێراق.

سەرچاوەیەكی باڵای تەناهیی عێراقی بە "رۆیتەرز"ی راگەیاند، لەوكاتەی ئێران خۆی بۆ وەڵامدانەوەكەی ئەمەریكا لەدوای هێرشەكەی ئوردن ئامادە دەكرد، قائانی بەپەلە سەردانی بەغدای كرد، بەڵام لەبەر هۆكاری تەناهی و خۆپارێزییەوە لە فڕۆكەخانە نەچووە دەرەوە.

دیمەنی ئەوجارەی رووداوەكان زۆر لەوەی 2020 نزیك بوون، كاتێك لەلایەن گرووپە چەكدارەكانەوە هێرش كرایە سەر باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە بەغدا، ئەوكات واشنتن بەهەمانشێوەی ئێستە كەتیبەكانی حزبوڵای بە هێرشەكان تۆمەتبار كرد و دوای چەند رۆژێك قاسم سلێمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودس و ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری سەرپەرشتیاری حەشدی شەعبی و سەركردەی كەتیبەكانی حزبوڵا لە نزیك فڕۆكەخانەی بەغدا كوژران.   

لەبەرانەبەر ئەوەی روودەدات، سەرچاوەیەكی باڵای تەناهی عێراقی دووپاتی كردەوە كە ئێرانییەكان لە كوژرانی قاسم سلێمانی وانەكە فێر بوون و نایانەوێ دووبارە ببێتەوە.

بەپێی راپۆرتەكان، دوای هێرشەكەی ئوردن بایدن داوای لە یاریدەدەرەكانی كرد راستەوخۆ و ناراستەوخۆ بە ئێرانییەكان رابگەیەنن كە ئەگەر تاران بەشداری لە هەر هێرشێك لە بەرانبەر وەڵامدانەوەی ئەمەریكا بۆ كوژرانی سەربازانی بكات، بڕیاری بۆردمانی ئێران دەدات، بەتایبەتی كە فڕۆكە جەنگییە ستراتیجییەكانی ئەمەركیا دەتوانن لە هەر كاتێكدا بگەنە ناو خاكی ئێران.

لە كۆتایی 2019 و دوای هێرشی مووشەكیی گرووپە چەكدارەكان بۆ سەر بنكەیەكی سەربازی ئەمەریكا لە كەركووك و كوژرانی كارمەندێكی گرێبەستی ئەمەریكی، ئەو وڵاتە لە هێرشێكی ئاسمانی بۆ سەر كەتیبەكانی حزبوڵای عێراقی لە رۆژئاوای عێراق و سووریا، 25 ئەندامی ئەو گرووپەی كوشت، ئەوەش كاردانەوەی توندی میلیشیاكانی بەدوای خۆیدا هێنا و ئەوان هەڵیان كوتایە سەر باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە ناوچەی سەوز، دوای ئەوەی پاسەوانەكانی ناوچەی سەوز رێگەیان بۆ واڵا كردن.

هێرشبەران، كە ئاڵای كەتیبەكانی حزبوڵا و حەشدی شەعبیان بەرز كردبووە، چوونە سنووری باڵوێزخانەكە و ئاگریان لە خاڵەكانی پاسەوانیی نزیكی كردەوە، ئەوكات دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی پێشووی ئەمەریكا ئێران و حزبوڵای تۆمەتبار كرد، عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراقیش داوای لە خۆپێشاندەران كرد ناوچەكە چۆڵ بكەن، كەتیبەكانی حزبوڵا رای گەیاند كە نارەزایەتییەكانیان تا داخستنی باڵوێزخانەكە و دەركردنی باڵوێزی ئەمەریكا بەردەوام دەبێت، بۆیە دوای چەند رۆژێك و لە سەرەتای 2020 لەكاتی سەردانێكی نهێنیی قاسم سلێمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی ئێران بۆ عێراق، دوای گەیشتنی بۆ بەغدا و پێشوازیكردنی لەلایەن ئەبو مەهدی موهەندیس، سەركردەی حزبوڵا، لەلایەن درۆنێكی ئەمەریكییەوە لە رێگەی فڕۆكەخانەی بەغدا كرانە ئامانج و كوژران، ئەو سیناریۆیەی بەم دواییە ئێران رێگری لە دووبارەبوونەوەی دەكات.       



وشە - تایبه‌ت