"ئەگەر لایەنەكانی كەركووك ڕێك نەكەون دادگای فیدراڵی دەستێوەردان دەكات"

:: AM:10:19:20/02/2024 ‌
ئەگەر لایەنەكانی كەركووك رێك نەكەون، پێشبینی دەكرێـت دادگای فیدراڵی دەستێوەردان لە هەڵبژاردنی پارێزگار و سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك بكات.

ئەحمەد فاتیح ئەندامی هاوپەیمانی كەركووك هێز و ئیرادەمانە، بە رۆژنامەی "سەباح"ی ڕاگەیاندووە، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە سەرەتای هەڵمەتی هەڵبژاردنەكانەوە تا ئێستە دەڵێت، پێویستە حكوومەتی خۆجێی كەركووك لەلایەن تەواوی لایەنە سیاسییەكانەوە پێكبهێنرێت، بڕوای تەواویشی بە هاوبەشیی ڕاستەقینە هەیە لە پارێزگاكەدا.

ئاماژەی بەوەش كردووە، ئێستە لە دانوستان و گفتوگۆ بەردەوامین لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان و چاوەڕوانی وەڵام دانەوەیانین. ئەحمەد فاتیح پێشبینیشی كردووە دادگای فیدراڵی دەستێوەردان بۆ پێكهێنانی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك بكات، ئەگەر قەیرانەكە درێژە بكێشێت.

هاوكات نازم شەمەری سەرۆكی دەستەی ڕای عەرەبی لە كەركووك، پێكنەهێنانی حكوومەتی خۆجێی كەركووكی بۆ دوو هۆكار گەڕاندووەتەوە، هۆی یەكەم ئەوەیە كە یەكێتی پێی وایە دەبێت پارێزگاری كەركووك بۆ ئەو بێت، بەڵام ئەنجامەكانی هەڵبژاردن دەریخستووە پێنج كورسیی بەدەست هێناوە لە كۆی 16 كورسی، ئەوەش ئاستەنگی بۆ پێكهێنانی حكوومەتی خۆجێی كەركووك دروست كردووە.

بەقسەی ئیسماعیل حەدیدی ئەمینداری گشتیی پارتی هەدەفی وەتەنی، "بڕیارە ئەمڕۆ سێشەم شاندێكی عەرەب و توركمان، سەردانی هەولێر بكەن و لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان كۆ ببنەوە، بۆ تاوتوێكردنی پرسی پێكهێنانی حكوومەتی خۆجێی كەركووك.
 
ڕۆژی 18 كانوونی یەكەمی 2023 دوای 18 ساڵ، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگا لە كەركووك كرا، ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك لە 15 كورسی لەگەڵ كورسییەكی كۆتای كریستیان پێكهاتووە، هیچ لایەنێك نەیتوانیوە لە نیوە زیاتر بەرێت، بۆیە لایەنەكان ناچارن بەڕێككەوتن پارێزگار و سەرۆكی ئەنجوومەن دیاری بكەن.



وشە - سۆران عەزیز