داوا لە ئەمەریكا دەكرێ كەشتییەكانی ئێران نغرۆ بكات

:: AM:10:27:16/03/2024 ‌
سیناتۆرێكی ئەمەریكی لە ئەنجوومەنی پیران، نامەیەكی بۆ سەرۆكی وڵاتەكەی ناردووە و تێیدا داوای لێ دەكات، ئەگەر حووسییەكانی یەمەن كە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەكرێن، لە هێرشەكانیان بۆ سەر كەشتییە ئەمەریكی و كەشتییە بازرگانییان بەردەوام بن، دەبێ كەشتییە ئێرانییەكان بكرێنە ئامانج.

پێگەی "عەرەبیە" ئەمڕۆ شەموو 16ی ئادار بڵاوی كردووەتەوە، دان سۆلیڤان ئەندامی ئەنجوومەنی پیران لە لیژنەی هێزە چەكدارەكان كە هاوكات سیناتۆرێكی دیاری كۆمارییەكانە، لەبارەی مەترسیی بەردەوامیی هێرشی حووسییەكان بۆ سەر كەشتییە ئەمەریكاییەكان لە دەریای سوور، نامەی بۆ جۆ بایدن سەرۆكی ئەمەریكا ناردووە و داوای لێ كردووە دەبێ وەڵامی توند و خێرای بۆ ئێرانییەكان هەبێت.

لە نامەكەی دان سۆلیڤان بۆ بایدندا هاتووە، حووسییەكان ئەو گرووپەی لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەكرێ، هاوكات ئەمەریكا ئەو گرووپەی خستووەتە لیستی تیرۆرەوە، دیارە لە هێرشەكانی بۆ سەر كەشتییە ئەمەریكاییەكان و كەشتیە بازرگانیییەیكانی تر لە دەریای سوور بەردەوام دەبێت، بۆیە جێی خۆیەتی كاتی هاتووە ئەمەریكا وەڵامی توندی بۆ ئێران هەبێت.

ئەوەشی گوت كە پێویستە لە بەرانبەر هەڕەشەكانی ئێران و میلیشیاكانی، كەشتییە ئێرانییەكان بكرێنە ئامانجی هێرشەكانی ئەمەریكا، بەوەش ئێران بزانێ هەڕەشەكانی بێ وەڵام نابن و هاوكات تواناكانی لاواز بكرێت.

دواتریش روونی كردەوە كە كاتێك حووسییەكان بە پاڵپشتیی ئێران هێرش دەكەن و مەترسی لە ناوچەكە و دەریای سوور دروست دەكەن، دەبێ وەڵامی توند بدرێنەوە، وەڵامەكەیش راستەوخۆ بۆ ئێران بێت و ئەو كەشتییانەی ئێران بۆ سیخوڕی لە ناوچەكە دایناون، پێویستە بكرێنە ئامانجی ئەمەریكا، بەوەیش دەبێ باجی هەڕەشەكانی بدات.

لە مانگی نۆڤێمبەری رابردووەوە حووسییەكامی یەمەن كە سەربە ئێرانن، بە بیانووی پاڵپشتی لە بزووتنەوەی حەماس فەلەستینی كە لەگەڵ ئیسرائیل لە جەنگدایە، بە درۆن و مووشەك هێرش دەكەنە سەر كەشتییە بازرگانییەكانی دەریای سوور، دواتریش ئەمەریكا و بەریتانیا لە چەندان هێرشیان بۆ سەر حووسییەكان، زیانی زۆریان پێ گەیاندوون، وێڕای ئەوەی تا ئێستەیش حووسییەكان لە هێرشەكانیان بەردەوامن.





وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د