پنتاگۆن: وەڵامی هەر هێرشێك بۆ سەر هێزەكانمان دەدەینەوە

:: PM:11:13:23/04/2024 ‌

پێ دەچێت گەڕێكی نوێی هێرشی میلیشیاكان بۆ سەر هێزەكانی ئەمەریكا دەست پێ بكاتەوە، كە چەند مانگێكە وەستاوە، ئەوجارەیان بەهۆی شەڕی غەزە نا، بەڵكو بەهۆی سەردانەكەی سوودانی بۆ واشنتن و ئەو گرێبەستانەی واژوو كران، بۆیە هەر لەگەڵ گەڕانەوەی سوودانی چەند هێرشێك كرایە سەر بنكە سەربازییەكانی ئەمەریكا لە عێراق و سووریا، لە بەرانبەردا پنتاگۆن دەستی بە هەڕەشەكردن كرد.

ئەمڕۆ سێشەم وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكا حكوومەتی عێراقی لە بەردەوامیی هێرشی سەر هێزەكانی وریا كردەوە و دووپاتی كردەوە كە وەڵامیان دەداتەوە، وەزارەتەكە دووپاتی كردەوە كە دوێنێ گرووپە هاوپەیمانەكانی ئێران دوو هێرشی شكستخواردوویان كردە سەر هێزەكانمان لە عێراق و سووریا، ئەوەش بۆ یەكەم جارە لە مانگی شوباتی رابردووەوە. 

روونی كردەوە، داوا لە حكوومەتی عێراق دەكەین هەموو هەنگاوێكی پێویست بگرێتە بەر بۆ پاراستنی هێزەكانی ئەمەریكا لەو وڵاتە، دووپاتی كردەوە كە ئەگەر هێرشی ئەو گرووپانە بەردەوام بێت، وەك پێشوو لە بەرگریكردن لە هێزەكانمان دوودڵی ناكەین.

شایەنی باسە لە ماوەی دوو رۆژی رابردوو دووجار لەلایەن میلیشیا شیعەكانەوە هێرش كراوەتە سەر بنكەی سەربازییەكانی ئەمەریكا، یەكەمیان لە پارێزگای نەینەواوە پێنج مووشەك بە ئاراستەی بنكەیەكی سەربازیی ئەمەریكا لە رۆژهەڵاتی سووریا هەڵدرا، دوومەیان بە درۆن هێرش كرایە سەر بنكەی سەربازیی عەین ئەسەد لە رۆژئاوای عێراق، ئەگەرچی هیچ زیانێكیان لێ نەكەوتەوە، بەڵام شكاندنی ئەو ئاگربەستەیە كە چەند مانگێكە هەیە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل