هانی شیعرێكی شێركۆ بێكەس دەكاتە گۆرانی

:: PM:12:56:23/03/2024 ‌
هونەرمەند هانی نوێترین گۆرانیی بە ناوی "نەورۆز" لە كەناڵی یوتیوبی خۆی بڵاو كردەوە، گۆرانییەكە شیعری شێركۆ بێكەسە.

هانی موجتەهیدی ماوەی چەندان ساڵە بێ وەستان گۆرانیی نوێ پێشكەشی هەوادارانی دەكات، بەمەش بووەتە یەكێك لە دیارترین هونەرمەندانی ژن، هاوكات بەدەنگە خۆشەكەی و شۆخوشەنگییەكەی هەوادارێكی زۆری لە كوردستاندا هەیە.

 هانی لەبارەی بەرهەمە نوێیەكەی بە"وشە"ی راگەیاند، "نەورۆز" نوێترین بەرهەمی منە كە تایبەتە بە نەورۆز و سەری ساڵی كوردی، ماوەیەكە كار لە تۆماركردنی ئەو بەرهەمە دەكەم، هیوادارم بە دڵی هەوادارەكانم بێت.

گوتی، تێكستی گۆرانییەكە لەلایەن شاعیر شێركۆ بێكەس نووسراوە و كاری بەرهەمهێنان و میكس و ماستەرینگی لەلایەن سیامەند كاری بۆ كراوە.

هونەرمەند هانی موجتەهیدی لە ساڵی 1980 لە شاری سنە لە ڕۆژھەڵاتی كوردستان‌ لە دایك بووە و ھەر لەو شارەش گەورە بووە.‌ لە قۆناغی سەرەتاییەوە لە سنە خوێندوویەتی، لە منداڵییەوە هۆنراوە و پەخشانی نووسیوە و دەستی وێنەكێشانی ھەبووە و بەشداری لە شانۆگەریشدا كردووە.

دایكی هانی خاتوونێكی دەنگخۆش بووە، بەڵام كاتێك كە هاوسەرگیریی لەگەڵ باوكی هانی كردووە، خێزانی باوكی ڕێگر بوون لەوەی گۆرانی بڵێت، بەمەش هانی كاتێك گوێی لە دایكی بووە كە گۆرانی گوتووە، حەزی لە گۆرانیگوتن كردووە و بڕیاری داوە ببێت بە گۆرانیبێژ، وەك خۆی دەڵێت: "گوتم ئەوەی دایكم نەیتوانی بیكات من دەیكەم"، هەروەها دەڵێت، "ئەگەر نەبوومایە بە گۆرانیبێژ دەبووم بە سیاسەتمەدار، چونكە بنەماڵەكەمان هەمووی سیاسەتمەدارن"، هانی بەهۆی جەنگەوە دایك و باوكی لە دەست داوە و بەبێ دایك و باوك گەورە بووە، لە ساڵی 2000 وە گۆرانی دەڵێت، لە ئێران لە ئەكادیمیایەكی تایبەتی خوێندوویەتی، ئەو هونەری موزیك و گۆرانی كە فێری بووە، لە خزمەتی نیشتمانەكەی خۆیدا بەكاری هێناوە.

هانی  هەر لەو سەردەمەدا لەگەڵ چەند خاتوونێكی تردا دەستەیەكی هونەری كچانەیان دروست كردووە، كە بە هەموو شارەكانی كوردستاندا گەڕاون و دەستەكەیان ناوناوە "ڤیان".

هانی ژیانی هاوسەری پێكهێناوە، بەڵام سەركەوتوو نەبووە و جیا بووەتەوە، دوو منداڵی هەیە كوڕێك و كچێك كە لەگەڵ هانی دەژین و هەندێك جاریش سەردانی باوكیان دەكەن.




وشە - سۆران عەزیز