لە بۆسەیەك لە سووریا داعش 11 كەس دەكوژێت

:: AM:09:12:25/03/2024 ‌
روانگەی سووری بۆ مافی مرۆڤ ئەمڕۆ رای گەیاند، چەكدارانی رێكخراوی تیرۆریستی داعش لە ناوچەی رەقە، لە بۆسەیەكدا 11 كەسیان كوشتووە كە بۆ كۆكردنەوەی گژوگیای بەهاری لەو ناوچەیەدا بوون.

پێگەی "شەفەق نیوز" ئەمڕۆ دوووشەم 25ی ئادار بڵاوی كردووەتەوە، بەپێی بەیاننامەكەی روانگەی سووری بۆ مافی مرۆڤ، چەكدارانی داعش لە دەوروبەری شاری رەقە، لە بۆسەیەكدا بۆمبیان بە ئۆتۆمبێلێكدا تەقاندووەتەوە و بەهۆیەوە 11 كەس كوژراون.

باس لەوە دەكرێ ئەوانەی لەناو ئۆتۆمێلەكەدا بوون، سەرجەمیان خەڵكی سڤیل بوون و بۆ كۆكردنەوەی گژوگیای بەهاری روویان لەو ناوچەیە كردووە. دوای چەكداران ئەوەی ئۆتۆمبێلەكەیان تەقاندووەتەوە، دواتر دەستڕێژیان لێ كردوون و 11 كەسیان كوشتووە و سێ كەسی تریشیان رفاندووە.

وێڕای ئەوەی هێزەكانی تەناهیی وڵاتەكە بەردەوام هۆشداری دەدەنە خەڵك كە روو لەو ناوچانە نەكەن، بەڵام لە وەزری بەهاردا خەڵكێكی سڤیل و تەنانەت سەربازانیش، بۆ كۆكردنەوەی گژوگیای بەهاری، روو لەو ناوچەیە دەكەن كە ناوچەیەكی بیابانییە و خەڵكی ناوچەكەیش بەگشتی بژێویی ژیانیان باش نییە، بەتایبەتی لەوەتەی 13 ساڵی بەرلە ئێستە دۆخی وڵاتەكە تێكچووە.




وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د