بۆچی هێرش كرایە سەر رووسیا؟

:: PM:08:57:26/03/2024 ‌

هەینی رابردوو هێرشێكی تیرۆریستی كرایە سەر هۆڵێكی بۆنەكان لە مۆسكۆ، ژمارەیەك چەكدار تەقەیان لە خەڵك كرد و بە چەقۆ لەوانیان دا، بەهۆیەوە زیاتر لە 140 كەس كوژران و ئەوەندەش بریندار بوون، نووسەرێك هێرشەكە بە جموجۆڵەكانی ناوخۆیی و دەرەوەی رووسیا دەبەستێتەوە، كە بووە هۆی توڕەكردنی گرووپە تیرۆریستییەكان، ئەوانیش پەیامێكیان بە مۆسكۆ دا.

هیشام نەجاڕ، نووسەر دەڵێت، مەبەستی داعشی خوراسان لەو هێرشە گەورە لەناو قووڵایی خاكی رووسیا، دەیەوێ ناوی بخاتە سەرووی لیستی رێكخراوە توندڕۆكانی بەشێوەیەكی سنووربڕ كار دەكەن، دەیەوێ هاوسەنگییەكی هێز و دەسترۆیشتوویی لەنێوان خۆی و بزاوەكانی تر دروست بكات، كاتێك یەكێك لە دڕندانەترین هێرشی لە مۆسكۆ ئەنجام دا، كە لە 2002ەوە رووی نەداوە، جیا لە هێرشەكە، گرتەی ڤیدیۆیی كوشتارەكەی بڵاو كردەوە.

رەنگە بگوترێت رووداوەكە بەكارهێنانی داعش و تیرۆرە لەدژی رووسیا، بەڵام ئەوە تەنیا قسەیە و هیچ بەڵگەیەكی نییە، چونكە دوای رووسیا رەنگە سرەی وڵاتانی تریش بێت، كاتێك ئەمەریكا و رۆژئاوا نایانەوێ هەمان ئەزموونی ئەفغانستان لە نەوتەكانی سەتەی رابردوو دووبارە بكەنەوە، كاتێك پاڵپشتیی خۆبەخشە عەرەبەكانیان كرد و دواتر چەند گرووپێكی تیرۆریستی وەك قاعیدەی لێ كەوتەوە، بۆیەش دوای هێرشەكە ئەمەریكا و رۆژئاوا پاڵپشتییان بۆ بۆ رووسیا دەربڕی، پێش هێرشەكەش لە ئەگەری روودانی هێرشەكە وریایان كردبووەوە.

ئەوەی هەیە داعش رقی لە رووسیا بوو، بەهۆی پاڵپشتیی مۆسكۆ لە حكوومەتی وڵاتانی كەناراوی ئەفریقیا و تەسككردنەوەی ناوچەی دەسەڵاتی داعش لەوێ، ئەوەش لە بەرژەوەندیی گرووپەكانی كێبركێكاری داعش بوو، چونكە ئەفریقیا بە گرنگترین سەرچاوەی دارایی داعش دادەنرێت. 

ئێستە داعش دەیەوێ دەست بەسەر میراتی تیرۆر لە دنیادا بگرێت، بەتایبەتی لە ئەفغانستان و ئەفریقیا، بۆیەش كردنەئامانجی رووسیا و ئێران، پەیامێكە لەلایەن داعشەوە بۆ حكوومەتی ئەو وڵاتانە و گرووپە توندڕۆكانیتری وەك قاعیدە و تاڵیبان، كە گرووپی سوننەن، بەهۆی ئەو ئاساییبوونەوەی پێوەندییەكانیان كە رووی داوە.  

داعشی خوراسان لە رێگەی هێرشەكانیەوە، پەیامێكی بە توندڕۆ توڕەكانی لە قاعیدە و رێكخراوە سوننەكانی تر دا، لە نزیكبوونەوەیان لە ئێران و هاوپەیمانەكانی، كاتێك لە هێرشەكەی كرمان لە ساڵوەگەڕیی كوژرانی قاسم سلێمانی زیاتر لە 100 كەسی كوشت، ئێستەش بە هێرشەكەی مۆسكۆ لە پەیامەكەی بەردەوام بوو. 

بۆیە بەرژەوەندییەكانی داعشی خوراسان لە مۆڵگەی سەرەكیی لە ئەفغانستان لەگەڵ هەوڵەكانی رووسیا و ئێران لە سازكردنی پێوەندییەكی باش لەگەڵ بزووتنەوەی تاڵیبان بەریەك دەكەون، جیا لەوە هەواڵگریی رووسیا و سوپای پاسدارانی ئێران بە ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی هاوبەش لەگەڵ تاڵیبان لەدژی ئەوان تۆمەتبار دەكات، لەپاڵ دانی زانیاریی هەواڵگری لەبارەیانەوە بە بزووتنەوەكە.

جیا لەوەی ستراتیجیەتی داعشی خوراسان بەریەك دەكەوێت لەگەڵ خواستەكانی ئێران لە ناوچەی شام، لە رێگەی دەستگرتن بەسەر میراتی داعش لەو ناوچەیە، ئەوان وای دەبینن كە دەوڵەتی ویستراوی خۆیان لە خوراسان و ئاسیای ناوەڕاست بێ شێوان و تێكدانی سەقامگیریی رووسیا و لاوازكردنی لە ناوەوە رووناكی نابینێت. كاتێك داعش دەیەوێ خەلافەتێكی فرەوان لە وڵاتانی ئیسلامی لە ئاسیای ناوەڕاست و خوراسان، واتە ئەفغانستان و پاكستان، تا دەگاتە تاجیكستان و وڵاتانی باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا، وەك فلیپین و مالیزیا و ئیندۆنۆسیا دامەزرێنێت. 

ئەو هێرشە و پێشاندانی دڕندانەتییەكەی، بەرجەستەی سەركەوتنی داعش دەكات لە دروستكردنی شانەكانی، كە دەتوانن رێوشوێنە توندە تەناهییەكان ببڕن و پاڵپشتیی دارایی بۆخۆیان بەدەست بێنن، ئەوەش دوای دووبارە خۆرێكخستنەوە، كە سەركردەی پێشووی داعش لە لقەكانی ئەنجامی دا، بە یەكخستنی لقەكانی خوراسان و رۆژهەڵاتی ئاسیا و توركیا و قەوقاز و رووسیا، ئەوەش رێكخراوەكەی بەهێزتر كرد، بۆیە خۆرێكخستنەوەی رێكخراوەكە و یەكخستنی لقەكانی، بەتایبەتی لقی خوراسان، وای كرد هێرشەكانیان زیاتر و بەردەوام بن، جیا لە زیادبوونی پاڵپشتیی دارایی و لۆجیستی و رێكخستنی شانەكان و ئاراستەكردنیان بەشێوەیەكی ئەلیكترۆنی.

هاوكات لەگەڵ بەهێزبوونی داعشی خوراسان، متمانەی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە بزووتنەوەی تاڵیبانی ئەفغانستان كەم دەبێتەوە، كە بەدەست دابەشبوون تا ئاستی لێپرسینەوە لە شەڕوانانی بەهۆی گومانی بوونی پێوەندییان بە داعشی خوراسان سەر دەكێشێت، جیا لە دروستبوونی ئاڵۆزی لەنێوان سەركردەكانی تاڵیبان و ئەندامانی تاجیك لەناو بزووتنەوەكە، كە وای كردووە دزە بكرێتە ناو بزووتنەوەكە و تاڵیبان نەتوانێت لە ناوخۆی ئەفغانستان داعش بشكێنێت، لەوكاتەی سەرقاڵی هێرشی تۆڵەسەندنەوەیە لە هاوپەیمانانی تاڵیبان لە دەرەوە، كە ئەوەش دەبێتە هۆی ترازانی زیاتر لە ریزەكانی تاڵیبانی ئەفغانستان و پاكستانیش.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل