بایدن لە گوتارێكدا پوتین بە "قەساب" ناو دەبات

:: AM:08:58:27/03/2024 ‌
لە گوتارێكیدا بۆ هەوادارانی خۆی و حزبەكەی، سەرۆكی ئەمەریكا باس لە سەرۆكی رووسیا دەكات و بە "قەساب" ناوی دەبات، بۆیە دەیەوێ هاوكاریی زیاتری ئۆكراینا بكات.

پێگەی "شەفەق نیوز" ئەمڕۆ چوارشەم 27ی ئادار بڵاوی كردووەتەوە، جۆ بایدن سەرۆكی ئەمەریكا لە گوتارێكی لە ویلایەتی كارۆلینای باكور بۆ هەوادارانی رای گەیاند، بۆ وڵاتەكەمان گرنگە باج لەسەر دەوڵەمەندەكان زیاد بكەین تا بتوانین هاوكاریی زیاتر ئۆكراینا بكەین، تا بتوانن بەرانبەر رووسیا بەرگریی بكەن. 

بایدن لەبارەی ئەو باجەی لەسەر دەوڵەمەندەكانی ئەمەریكا دایدەنیچ بایدن گوتی، ئێمە دەتوانین بەو پارەیە زۆر شت بكەین، لەناویاندا هاوكاریی ئۆكراینا بكەین و پارێزگارییان لێ بكەین بەرانبەر بەو "قەساب"ـە "مەبەست لێی ڤلادیمێر پوتین سەرۆكی رووسا"یە.

لەوەتەی جەنگی رووسیا لە دژی ئۆكراینا دەستی پێ كردووە و ئەمەریكا و وڵاتانی رۆژئاوا یارمەتی ئۆكراینا دەدەن، چەند جارێك سەرۆكی ئەمەریكا لە لێدوانەكانیدا هێرش دەكاتە سەر سەرۆكی رووسیا و پێشتریش پێی گوت "بكوژ".

لەلایەكی تریشەوە ڤلادیمێر پوتین لەبارەی جۆ بایدنەوە گوتی، هیوای تەندروستیی بۆ دەخوازم.

 
جەنگی رووسیا لە دژی ئۆكراینا كە لە 24ی شوباتی 2022 دەستی پێ كرد، بەهۆیەوە هەزاران كوژراو و برینداری لە هەردوولا لێ كەوتووەتەوە، بەهۆیەوە ملیۆنان ئۆكراینیش ئاوارە بوون و شوێنەكانیان بەرەو وڵاتانی ئەوروپا جێهێشتووە. هاوكات ئەمەریكا و وڵاتانی رۆژئاوا سزای ئابووریی توندیان بەسەر رووسیادا سەپاندووە و لە هەمان كاتیشدا بە چەك و كەلوپەلی سەربازی و دارایی، پاڵپشتیی ئۆكراینا دەكەن.


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د