دیاریكردنی پارێزگاری كەركووك ماوەیەكی زۆر دەكێشێت

:: PM:06:00:27/03/2024 ‌

سەرەڕای تێپەڕبوونی پێنج مانگ بەسەر هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق، بەڵام تا ئێستە نەتوانراوە پۆستی پارێزگارەكانی كەركووك و دیالە یەكلا بكرێتەوە، ئەوەش بەهۆی بوونی ململانێیەكی توند لەنێوان پێكهاتە سیاسی و نەتەوەیی و مەزەوییەكانی ئەو پارێزگایانە، ئەوەش وای كرد كە شارەزایان پێشبینی بكەن كە بەهۆی قووڵیی ململانێكانەوە ئەو دۆخە ماوەیەكی زۆر بكێشێت.

ئێستە لە كەركووك ململانێ لە نێوان كورد و عەرەب هەیە، كورد پۆستەكە بە هی خۆی دەزانێت و عەرەب و توركمانیش دەیانەوێ بیكەن بە هاوبەشی، لە دیالە ماملانێكە لەنێوان نووری مالیكی و هادی عامرییە و كەسیان سازش بۆ ئەویتر ناكات، محەمەد عەلی حەكیم، توێژەری سیاسی دەڵێت، ئەو زانیارییانەی هەیە باسی قووڵیی ناكۆكییە حزبی و نەتەوەییەكان دەكەن كە لەو دوو پارێزگایە هەن.

روونی كردەوە، ململانێی نێوان هێزە سیاسییە ناكۆكەكان گەیشتووەتە ئاستی شكاندنی ئێسكی یەكتر، لە دیالە ململانێیەكی سەخت لەناو چوارچێوەی هاوئاهەنگی لەسەر پۆستی پارێزگار هەیە، وای كردووە هادی عامری ئامادەی كۆبوونەوەكانی چوارچێوە نەبێت، چونكە پۆستەكە بە هی خۆی دەزانێت و رەتی دەكاتەوە بۆ نووری مالیكی بێت.

دووپاتی كردەوە، هەرچی كەركووكە، ململانێكە نەتەوەییە لەنێوان كورد و عەرەب، بۆیە پێشبینی ناكرێت چارەسەرێكی سیاسییانە بۆ یەكلابوونەوەی پۆستی پارێزگار بێتە ئاراوە، كێشەكە ئەوەیە كە هەمووان ئەوە دەزانن كە ئەوەی پۆستی پارێزگار وەربگرێت، بۆ ساڵانێكی دوورودرێژ پۆستەكەی لا دەبێت، بۆیەش ململانێكە گەرمە و هەموو میانگیرییەكان بۆ یەكلاكردنەوەی ئەو بابەتە سەری نەگرتووە، تەنانەت میانگیریی دەرەكیش كێشەكانی بە چارەسەری نەگەیاندووە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل