سبه‌ی هه‌ینی 29ی ئادار، 77 ساڵ به‌سه‌ر له‌سێداره‌دانی پێشه‌وا قازی محه‌مه‌د سه‌رۆك كۆماری كوردستاندا تێده‌په‌ڕێت. له به‌ره‌به‌یانی 10ی خاكه‌لێوه‌ی ساڵی 2647ی كوردی /1947ی زاینی، قازی محه‌مه‌د له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ك له حه‌مه‌حوسێن خان سه‌یفی قازی وه‌زیری جه‌نگ و ئامۆزای پێشه‌وا و ئه‌بولقاسم سه‌دری قازی برای پێشه‌وا، له گۆڕه‌پانی چوارچرای شاری مه‌هاباد له سێداره دران.
قازی محه‌مه‌د كوڕی قازی عه‌لی كوڕی میرزا قاسم قازییه. رابردووی ئه‌و بنه‌ماڵه‌یه له شاری مه‌هاباد بۆ چوار سه‌ده پێشتر ده‌گه‌ڕێته‌وه. ئه‌و له دوای كۆچی دوایی باوكی بووه به قازیی شار و له‌به‌ر هۆگریی زۆر به كاری فه‌رهه‌نگی و رۆشنبیری، به‌ر له ساڵی 1941 دوو ساڵ به‌رپرسیارییه‌تیی ئیداره‌ی فه‌رهه‌نگ و ئه‌وقافی شاری مه‌هابادی له ئه‌ستۆوه گرتووه و خزمه‌تی به‌رچاوی فه‌رهه‌نگ و رۆشنبیری كوردی كردووه، یه‌كه‌م قوتابخانه‌ی كچانیش هه‌ر له سه‌رده‌می ئه‌و له مه‌هاباد كراوه‌ته‌وه.
قازی محه‌مه‌د، برایه‌تی و یه‌كگرتوویی كوردی پێ گه‌وره‌ترین هۆی سه‌ركه‌وتن بوو
قازی محه‌مه‌د، برایه‌تی و یه‌كگرتوویی كوردی پێ گه‌وره‌ترین هۆی سه‌ركه‌وتن بوو. بۆیه له زۆربه‌ی وتاره‌كانی كه له رۆژنامه‌ی "كوردستان"ی ئه‌وكاتدا چاپ كراون، له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی یه‌كێتی و برایه‌تی دواوه و به مه‌رجی سه‌ركه‌وتن و كۆڵه‌كه‌ی راگرتنی كۆمار و هۆی سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر دوژمنانی زانیوه.
رووخانی كۆمار
دوای ئه‌وه‌ی كۆماری كوردستان له ساڵی 1946 و دوای 11 مانگ ده‌سه‌ڵات له‌لایه‌ن رژێمی پاشایه‌تی ئێرانه‌وه ده‌ڕووخێنرێت، قازی محه‌مه‌د بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی مه‌هاباد هاوشێوه‌ی خه‌ڵكی ته‌ورێز به‌ده‌ستی رژێم نه‌كوژرێن، خۆی راده‌ستی حكوومه‌ت كرد.
قازی محه‌مه‌د له ماوه‌ی ئه‌و 11 مانگه‌دا كه سه‌رۆك كۆماری كوردستان بوو، توانی له بواره‌كانی سیاسی، رۆشنبیری و ئابووری و سه‌ربازی، په‌ره به كۆماره‌كه‌ی بدات و یه‌كێك له دیموكراتترین سیستمه دیموكراسییه‌كانی له ناوچه‌كه دامه‌زراند كه پێشتر وێنه‌ی نه‌بوو، له‌و سیستمه دیموكراتیكه وێڕای رێزگرتن له به‌ها و نه‌ریته‌كانی كوردهواری، هه‌وڵی دا چه‌مك و به‌هاكانی شارستانیی نوێ له‌وانه‌ش مافی مرۆڤ بچه‌سپێنێت.
زۆرترین پێوه‌ندیی كۆماری كوردستان له‌گه‌ڵ یه‌كێتیی سۆڤییه‌ت بوو
زۆرترین پێوه‌ندیی كۆماری كوردستان له‌گه‌ڵ یه‌كێتیی سۆڤییه‌ت بوو كه له میانه‌ی جه‌نگی دووه‌می جیهانیدا، به‌شێك له ناوچه‌كانی باكوری ئێرانی كۆنترۆڵ كردبوو. كۆماری كوردستان دوای ئه‌وه رووخا كه رژێمی پاشایه‌تیی په‌هه‌له‌وی و رووسه‌كان، رێككه‌وتنێكی ژێربه‌ژێریان كرد و به‌گوێره‌ی رێككه‌وتنه‌كه‌ش، ده‌بوو ده‌سه‌ڵاتی پاشایه‌تیی ئێران بگه‌ڕێته‌وه شوێنی جارانی خۆی، له‌و رێككه‌وتنه‌دا ئێران كۆمه‌ڵێك ئیمتیازی گرنگی بازرگانی و سیاسی به رووسیا به‌خشی.
كشانه‌وه‌ی سوپای رووسیا له باكوری ئێران و نه‌مانی ئه‌و پاڵپشتییه بۆ كۆماری كوردستان، یه‌كێك بوو له هۆكاره سه‌ره‌كییه‌كانی رووخانی كۆماری كوردستان، له پاڵ هه‌ندێك كێشه‌ی تری سیاسی، سه‌ربازی و ئابووری.
هه‌ڵوێستی پێشه‌وا
دوای له‌شكركێشیی سوپای ئێران بۆ مه‌هاباد، پێشه‌وا كه بۆ پاراستنی گه‌له‌كه‌ی بڕیاری دابوو به‌رپرسیارێتیی هه‌موو شتێك له ئه‌ستۆ بگرێت، خۆی راده‌ستی سوپا كرد. ئه‌و دواتر دادگایی ده‌كرێت و هه‌ر جارێك له‌و دوو جاره كه به ناو دادگایی كراوه، زیاتر له چوار سه‌عات قسه‌ی كردووه و به گوته‌ی سه‌روان شه‌ریفی پارێزه‌ره‌كه‌ی كه له زۆربه‌ی سه‌رچاوه مێژووییه‌كان بڵاو كراوه‌ته‌وه، ئه‌وه قازی محه‌مه‌د بووه كه حكوومه‌تی دادگایی كردووه نه‌ك حكوومه‌ت.
قازی محه‌مه‌د زۆر دلێرانه و له كاتی دادگاییكردنه‌كه‌ی، به‌رگری له مافه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی كورد كردووه و ته‌نانه‌ت پێش له سێداره‌دانی، نه‌یهێشت چاوه‌كانی ببه‌ستن و گوتی : "حه‌ز ده‌كه‌م له دواین چركه‌ی ژیانیشمدا به سه‌ربه‌رزی و چاوی كراوه‌وه له نیشتمانی خۆشه‌ویستم بڕوانم."
ئێوه قازی محه‌مه‌دێك ده‌كوژن، به‌ڵام بزانن له هه‌ر تنۆكه خوێنێكی من، قازی محه‌مه‌دێك شین ده‌بێته‌وه
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت، "ئێوه قازی محه‌مه‌دێك ده‌كوژن، به‌ڵام بزانن له هه‌ر تنۆكه خوێنێكی من، قازی محه‌مه‌دێك شی
ن ده‌بێته‌وه. داوا له گه‌لی كورد ده‌كه‌م خه‌باتی خۆی له پێناو رزگاریی كوردستاندا په‌ك نه‌خات، باوه‌ڕ به ده‌وڵه‌تی خۆفرۆشی تاران مه‌كه‌ن. بژی كورد و كوردستان".
حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران له ساڵی 1980ه‌وه رۆژی له‌سێداره‌دانی قازی محه‌مه‌دی كردووه‌ته رۆژی شه‌هیدانی كوردستان، بۆیه هه‌موو ساڵێك له‌و رۆژه‌دا به رێوڕه‌سمی جۆراوجۆر یادی شه‌هیدان به‌رز راده‌گرن.
له رۆژهه‌ڵاتی كوردستانیش خه‌ڵك به‌شێوه‌ی جیاواز یادی ئه‌و رێبه‌ره شه‌هیده‌یان ده‌كه‌نه‌وه. رژێمی كۆماری ئیسلامیی ئێران له‌و رۆژه‌دا به‌تایبه‌تی له مه‌هاباد، رێوشوێنی توند ده‌گرێته‌به‌ر و رێ نادات خه‌ڵك له گۆڕی پێشه‌وا قازی محه‌مه‌د نزیك بكه‌ونه‌وه. خه‌ڵكیش به شێوازی جیاواز ریز له‌و رێبه‌ره شه‌هیده‌یان ده‌گرن و په‌یمانی كوردایه‌تی و نیشتیمانپه‌روه‌ری له‌گه‌ڵدا نوێ ده‌كه‌نه‌وه.
به‌شكۆترین نه‌ورۆزی رۆژهه‌ڵات
ئه‌مساڵ له رۆژهه‌ڵاتی كوردستان، خه‌ڵك به گوڕوتینێكی زۆره‌وه نه‌ورۆزیان پیرۆز كردووه و گڕی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" و ویستی ئازادیخوازی و دژایه‌تیكردنی رژێمێكی سته‌مكاریان، ئاوێته‌ی ئاگری نه‌ورۆزی ئه‌مساڵیان كردووه، له زۆربه‌ی شار و گونده‌كانی كوردستان، خه‌ڵك ئاگری نه‌ورۆزیان كردووه‌ته‌وه و كچان و كوڕان به له‌به‌ركردنی جلكی پێشمه‌رگه و جامانه و هه‌وری، له ده‌وری ئاگره‌كه هه‌ڵپه‌ڕیون و په‌یامێكی زۆر به‌هێزیان به تاران داوه و پێیان گوتووه، سه‌رتاپای كوردستان له‌سه‌رپێیه و یه‌ك هه‌نگاویش له مافه ره‌وا نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی پاشه‌كشه ناكات.
داوا له خه‌ڵكی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان كراوه بۆ رێزگرتن له یادی قازی محه‌مه‌د، بۆ سبه‌ی هه‌ینی هیچ رێوڕه‌سمێكی نه‌ورۆز به‌ڕێوه نه‌به‌ن
دوێنێ له ناوچه‌ی كارزان له ئیلام، گه‌وره‌ترین رێوڕه‌سمی نه‌ورۆز به‌ڕێوه چوو كه له رۆژهه‌ڵاتی كوردستان بێ وێنه بووه و سه‌ره‌ڕای رێگرییه‌كانی رژێمی تاران، ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌و رێوڕه‌سمه بهشكۆیهدا به‌شدار بوون، له نێوان 50 تا 65 هه‌زار كه‌سدا بوو و به جلوبه‌رگی كوردی و هه‌ڵپه‌ڕكێ نه‌ورۆزه‌كه‌یان پیرۆز كرد.
داوا له خه‌ڵكی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان كراوه بۆ رێزگرتن له یادی قازی محه‌مه‌د، بۆ سبه‌ی هه‌ینی هیچ رێوڕه‌سمێكی نه‌ورۆز به‌ڕێوه نه‌به‌ن و به شێوازی تایبه‌تیی خۆیان، رێز له شه‌هیدانی كوردستان بگرن و بیسه‌لمێنن كه هه‌مووان له‌سه‌ر رێبازه‌كه‌ی قازی محه‌مه‌د سوورن.