بڕیارێكی نوێی سەرۆكی حكوومەت هەڵەبجە دەكاتە شارێكی پێشكەوتوو

:: PM:01:56:28/03/2024 ‌

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ڕای دەگەیەنێت، لەسەر فەرمانی سەرۆكی حكوومەت، گوژمەی پێویست بۆ ماستەرپلانی هەڵەبجە تەرخان كراوە و ئیتر دەست بە جێبەجێكردنی دەكرێت.

ئەمڕۆ پێنجشەم، 28ی ئادار، لاپەڕەی فەرمیی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، لێدوانێكی ساسان عەونی سەبارەت بە ماستەرپلانی هەڵەبجە بڵاو كردەوە كە تێیدا دەڵێت، مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان فەرمانی بە تەرخانكردنی گوژمەی پێویست بۆ پرۆژەی ماستەرپلانی شاری هەڵەبجە داوە و دوای ئەوە كارەكانی پرۆژەكە پێ دەنێتە قۆناغێكی پێشكەوتووەوە و پرۆسەی كاركردن خێراتر دەبێت و دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، دەشڵێ: سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەمیانەی سەردانەكەیدا بۆ پارێزگەی هەڵەبجە، فەرمانی كرد كە پرۆژەی ماستەرپلانی هەڵەبجە جێبەجێ بكرێت و دوای ئەوەی كە لەسەر فەرمانیان سەردانی پارێزگەی هەڵەبجەمان كرد و لە وەزارەت وردەكاریی پرۆژەكەمان دراسەت كرد، دواتر بۆ نووسینگەی سەرۆك وەزیرانمان بەرز كردەوە، بە سوپاسەوە لە ڕۆژی 25ی ئاداری 2024، سەرۆكی حكوومەت فەرمانی دا بە تەرخانكردنی ئەو گوژمەیەی كە پێویستە بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەی ماستەرپلانی شاری هەڵەبجە و پێدانی دەسەڵات پێمان بۆ ئەوەی هەنگاوەكانی پرۆژەكە بەزووترین كات دەست پێ بكەین و جێبەجێی بكەین.

سەبارەت بە گرنگیی پرۆژەكە و كاریگەریی لەسەر ڕێكخستنەوە و پێشخستن و گەشەپێدانی شاری هەڵەبجە، ساسان عەونی، دەڵێت: ماستەرپلانی هەڵەبجە دەبێتە هۆی بووژانەوە و پەرەپێدان و گەشەسەندنی شاری هەڵەبجە لە هەموو ڕوویەكەوە و دەبێتە بنەمای ژێرخانی شارەكە و سەرجەم سێكتەرە گرنگەكانی شارەكە لەخۆ دەگرێت و لە داهاتوودا هەڵەبجە قۆناغێكی نوێ و پێشكەوتوو بەخۆیەوە دەبینێت.

لە پرۆژەی ماستەرپلانەكەدا، لایەنە كاریگەرەكانی وەكوو ئاراستەی فراوانبوونی شار و بەكارهێنانی زەوی و دیاریكردنی ناوچەی پیشەسازی، نیشتەجێ، كشتوكاڵی، گەشتیاری، بازرگانی، خزمەتگوزارییە گشتییە پێویستەكان دیاری دەكرێت، بە لەبەرچاوگرتنی فاكتەرە ژینگەیی، دیمۆگرافی، كۆمەڵایەتی، ئابووری، تەندروستی و پەروەردەییەكان و چەندین بواری دیكەی پەیوەست بەو بابەتە، هەروەها پێگەی مێژوویی هەڵەبجە و ڕۆڵ و كاریگەری ئەم شارە لەبەرچاو دەگیرێت. ساسان عەونی وا دەڵێت.

ئەوەشی گوت: دوای بڕیاری تەرخانكردنی گوژمەكە لەلایەن بەڕێز سەرۆكوەزیرانەوە، كارەكانی پرۆژەكە پێدەنێتە قۆناغێكی پێشكەوتووەوە و پرۆسەی كاركردن خێراتر دەبێت و دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.



وشە - عەبدوڵا عومەر