زانیاری زیاتر لەسەر كوژرانی سەرۆك هۆزە توركمانەكە ئاشكرا دەبێت

:: PM:07:35:31/03/2024 ‌

دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەكشەم حوسێن عەلووش، سەرۆك هۆزی بەیاتی توركمان لە شارۆكەی كفری سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان لە تەقینەوەیەك كوژرا، بەشێك لە سەرچاوەكان ئاماژەیان كرد كە كوشتنی بەهۆی درۆن بووە و هەندێكیشیان باسی بۆمبی چێنراو دەكەن، كوڕی برای كوژراوەكەش زانیاری زیاتر ئاشكرا دەكات.

سزكین موسڵیح، كوڕی برای حوسێن عەلووش دەڵێت، تا ئێستە نازانرێت كوشتنی مامی بەهۆی درۆن بووە یان بۆمبی چێنراو، ئاماژەی كرد، مامم بەرێگەوە بوو بۆ كڕینی دەرمان لە دەرمانخانەیەك لە كفری، ئەو لە ئۆتۆمبێلەكەی كە لە جۆری پیك ئابە، هاتە خوارەوە و گوێبیستی تەقینەوەكە بووین كە بووە هۆیەوە كوژرا.

روونی كردەوە، كردنەئامانجی مامم بەو شێوەیە ئاماژە بۆ قێزەونیی تاوانەكە دەكات، تا ئەو ساتەش نازانرێت كارەكە لە رێگەی درۆنەوە بووە یان بۆمبی چێنراو، بەڵام بەهۆی تەقینەوەكەوە مامم تەنیا سەر و چەند بەشێكی لاشەی ماوە، ئەو پێشتر بەر لە دوو ساڵ هەوڵی كوشتنی لەلایەن كەسانی نەناسراو درا و تەقەیان لێی كرد، بەڵام بەر نەكەوت، ئەو خاوەن كارگەیەكە و نازانین كوشتنی پێوەندی بەوەوە هەیە یان بەهۆكاری تر بووە.  





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل