لە سەرەتای ئەمساڵەوە زیاتر لە حەوت هەزار و 500 كۆچبەر چوونەتە بەریتانیا

:: AM:09:42:02/05/2024 ‌
بەگوێرەی ئاماری حكوومەتی بەریتانیا، لە سەرەتای ئەمساڵەوە زیاتر لە حەوت هەزار و 500 كۆچبەر چوونەتە بەریتانیا، لەو ماوەیەشدا 15 كۆچبەر لە نۆكەندی ئینگلیز خنكاون.

بەریتانیا تا ئێستە چەندان ڕێی تاقی كردووەتەوە بۆ رێگریی لە چوونی كۆچبەری نایاسایی بۆ ئەو وڵاتە، لە نوێترین هەنگاویشیدا كەوتووەتە گرتنی ئەو كۆچبەرانەی بەنایاسایی سنووری بەریتانیایان بەزاندووە و تا بیانگرێت و ڕەوانەی ڕواندایان بكات.

بەریتانیا رای گەیاندووە، لەپلانیدایە تا كۆتایی ئەمساڵ، پێنج هەزار و 700 كۆچبەر ڕەوانەی رواندا بكات. تا ئێستە دوو هەزار و 143 كۆچبەری بۆ ئەو مەبەستە گرتووە و چاوەڕێ دەكرێت بەزۆر رەوانەی رواندایان بكات.

میدیاكانی بەریتانیا بڵاویان كردەوە، رۆژی دووشەم بەریتانیا كۆچبەرێكی بۆ ڕواندا رەوانە كردووە. ئەو كەسەی رەوانەی رواندا كراوە، ئامادە نەبووە بگەڕێتەوە وڵاتی خۆی، دوای ئەوەی داواكاری بۆ مافی پەنابەرییەكەی لە بەریتانیا ڕەت كراوەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا بڕی سێ هەزار و 700 دۆلاری پێ دراوە.

ئەمەش لە كاتێكدایە هەفتەی ڕابردوو پەرلەمانی بەریتانیا، یاسایەكی پەسند كرد كە ڕێ بە حكوومەت دەدات ئەو كۆچبەرانە ڕەوانەی رواندا بكات كە بەشێوەیەكی نایاسایی، هاتوونەتە ناو وڵاتەكەیەوە و داواكارییان رەت كراوەتەوە، ئەمەش مەترسیی زۆری لای كۆچبەرانی ئەو وڵاتە دروست كردووە.

رەوانەكردنی پەنابەران بۆ رواندا، دوای پەسندكردنی یاسایەكی مشتومڕاوی دێت لەلایەن پەرلەمانەوە و دواتر لەلایەن پاشای بەریتانیا پەسند كرا، بەپێی یاساكە كۆچبەرانی نایاسایی كە دەگەنە بەریتانیا، رەوانەی رواندا دەكرێن. 

پەسندكردنی یاساكە شەپۆلێكی لە ناڕەزایەتی نێودەوڵەتیی لێ كەوتووەتەوە، نەتەوە یەكگرتوەكان و یەكێتیی ئەوروپا، رەخنەی توندیان لە یاساكە گرتووە بە دژی یاسا نێودەوڵەتییەكان بۆ مافی مرۆڤی دەزانن. 






وشە - سۆران عەزیز