سوپای پاسداران ناسنامە و ژمارەی كوژراوانی هێرشەكەی دیمەشقی راگەیاند

:: PM:11:29:01/04/2024 ‌

دوای ئەوەی ئێوارەی ئەمڕۆ سوپای ئیسرائیل لە هێرشێكی ئاسمانیدا تەلاری كونسوڵگەی ئێرانی لە دیمەشق لە سووریا كردە ئامانج و ژمارەیەك فەرماندەی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێرانی كوشت، ئەمشەو سوپای پاسداران ناسنامە و ژمارەی كوژراوانی لە هێرشەكە ئاشكرا كرد.

بەپێی بەیاننامەیەكی پێوەندییە گشتییەكانی سوپای پاسدارانی ئێران، لە هێرشەكەی دیمەشق حەوت ئەفسەر و راوێژكاری سەربازی كوژراون، ئەوانیش هەردوو جەنەراڵ و راوێژكار محەمەد رەزا زاهیدی و محەمەد هادی حاجی رەحیمی و پێنج لە هاوەڵانیانن، لە هێرشێكی مووشەكی بۆ سەر تەلاری كونسوڵگەی ئێران لە دیمەشق كوژران.

بەپێی بەیاننامەی سوپای پاسداران، فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیل تاوانێكی تریان ئەنجام دا و بە مووشەك هێرشیان كردە سەر تەلاری كونسوڵگەی ئێران لە دیمەشق، بەهۆی هێرشەكەوە هەردوو جەنەراڵەكە و پێنح هاوەڵیان كوژران كە بریتین لە، حوسێن ئەمان ئەڵاهی و سەید مەهدی جەلالەتی و موحسین سەداقەت و عەلی ئاغا بابائی و سەید عەی ساڵحی رۆژبهانی.

لەوكاتەی بەیاننامەكەی سوپای پاسدارانی تەنیا سەركۆنەی توندی هێرشەكەی كرد، باڵوێزی ئێران لە دیمەشق بەڵێنی وەڵامدانەوەیەكی توندی ئیسرائیلی دا، هەر ئەمشەو گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل رەتی كردەوە قسە لەسەر هەواڵەكی میدیاكان لەبارەی هێرشەكە بكات، كەچی كارین جان بییر، گوتەبێژی كۆشكی سپی رای گەیاند كە سەرۆك جۆ بایدن زانیاری بەو راپۆرتانە هەیە لەبارەی هێرشە ئاسمانییەكەی ئەمڕۆی ئیسرائیل بۆ سەر كونسوڵگەی ئێران لە دیمەشق و بابەتەكە لەتاوتوێكردندایە.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل