ماڵپەڕێك: لە تاران كچێكی تر بە هاوشێوەی ژینا ئەمینی گیان لەدەست دەدات

:: PM:08:54:16/04/2024 ‌

تا ئێستە كاریگەریی كوژرانی ژینا ئەمینی، كچە كوردە 22 ساڵەكە لە تارانی پایەتەخت بە دەستی پۆلیسی ئەخلاقی ئێران لە 2022 هەر ماوە و كوژرانی شۆڕشێكی لە تەواوی شارەكانی ئەو وڵاتە دروست كرد، ماڵپەڕێكی هەواڵیی ئێران باسی گیانلەدەستدانی كچێكی تەمەن 14 ساڵ لە تاران دەكات، ئەوەش دوای گرتنی لەلایەن پۆلیسی ئەخلاقی ئێران بەهۆی پابەندنەبوونی بە پاڵاپۆشییەوە.

ماڵپەڕی "تاران نیوز"، لە تەلەگرامی خۆی ئاماژەی كردووە كە كچێكی تەمەن 14 ساڵ بەناوی "رۆزان ئەكبەری"، لە شەقامی وەزیران لە تارانی پایەتەخت بەهۆی پابەندنەبوونی بە پالاپۆشییەوە گیراوە، ژمارەیەك لە رێبوار و كەسەكان لە شوێنەكە ویستوویانە رێگری لە گرتنی بكەن، دوای گەیشتنی یەكەی تایبەت بە پۆلیسی ژنان، گرتوویانە، بەڵام دوای لێدانێكی زۆر ئەو چووتە دۆخی بێئاگایی و لەكاتی گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە گیانی لەدەست داوە.

لەوكاتەی عەقید سەعید راستی، سەرۆكی ئۆپراسیۆنەكانی پۆلیسی تاران ئەو هەواڵەی رەت كردەوە كە ئەو كچە بەهۆی گرتنی لەلایەن پۆلیسی ئەخلاقەوە گیانی لەدەست دابێت و ئەو قسانەی بە ناڕاست لەقەڵەم دا، چالاكانی ئێرانی چەند گرتەیەكی ڤیدیۆییان بڵاو كردەوە و تیایدا پۆلیسی ئەخلاق بە توندوتیژی مامەڵە لەگەڵ ئەو كچ و ژنانەدەكات كە پابەندی باڵاپۆشی نین.

لە نوێترین ئەو گرتە ڤیدیۆییانە، پۆلیسی ئەخلاقی ئێران لە تاران و رشت، بە توندوتیژییەوە چەند ژنێك دەگرن، موحسین بورهانی، پارێزەر ئەو هەڵسوكەوتەی پۆلیسی بە پێشێلكردنی یاسا دادەنێت، چونكە هیچ یاسایەك نییە بەناوی باڵاپۆشی لە ئێران، بۆیە جێبەجێكردنی پڕۆژەیەك پێش ئەوەی ببێت بە یاسا پێشێلكاریی یاساییە.

شایەنی باسە لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلوولی 2022، تاران و دەیان شاری ئێران ناڕەزایەتییەكی گەورەی جەماوەریان لە دوای گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی، دوای گرتنی لەلایەن پۆلیسی ئەخلاقی ئێران بەخۆیەوە بینی، چونكە ئەو پابەندی باڵاپۆشی نەبوو، لەوكاتەی ئێران لە 1979ەوە باڵاپۆشی بەسەر كچ و ژنانی ئێران دەسەپێنێت، ئامادەسازیش بۆ جێبەجێكردنی یاسایەكی تایبەت بەو بابەتە دەكرێت، كە لە پەرلەمان دەنگی لەسەر دراوە و گرتن و غەرامەكردنی بۆ ئەوانە دیاری كردووە كە پابەندی باڵاپۆشی نابن.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل