بلینکن بۆ خەڵکی غەزە: حەماس ڕێگرە لە ئاگربەست

:: PM:05:21:29/04/2024 ‌
ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە ڕیازی پایتەختی سعوودیەوە بە فەلەستینییەکانی کەرتی غەزەی ڕاگەیاند، حەماس ڕێگرە لە ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە کەرتی غەزە، چونکە ئێستە ئیسرائیل سازشی زۆری نواندووە و تەنیا داوای ئازادکردنی ژمارەیەک لە دیلەکان دەکات. 

ئەمڕۆ دووشەم 29ی نیسان ئەنتۆنی بلینکن لە ڕیازەوە ڕای گەیاند، ''خەڵکی فەلەستین و کەرتی غەزە، تاکە بەربەست لە نێوان ئێوە و ئاگربەستدا، حەماسە''. ئێستە ئیسرائیل یاداشتێکی زۆر سینەفراوانی بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەست پێشکەش بە حەماس کردووە، ئەگەر حەماس ڕەتی بکاتەوە، ئەوا خۆیان تاوانبارن لە درێژەدان بە شەڕەکە. 

خەتای حەماسە
بلینکن فشار دەخاتە سەر بەرپرسانی باڵای حەماس و داوایان لێ دەکات، بە زووترین کات بڕیارە دروستەکە بدەن و ڕازی بن بەو یاداشتە ئاشتییانەیەی کە ئیسرائیل پێشکەشی کردوون، کە بریتییە لە ئازادکردنی 33 دیل لەلایەن حەماسەوە بەرانبەر بە ڕاگەیاندنی ئاگربەست لەلایەن ئیسرائیلەوە. 

تا ئێستە خەمڵاندنەکان بۆ ئەوە دەچن 130 کەسی بە بارمتە گیراو لەژێر دەستی حەماسدا مابێت، ئیسرائیل لەو ژمارەیە تەنیا داوای کەمتر لە 40 دیلی کردووە لە بەرانبەر ڕاگەیاندنی ئاگربەست. 

ماوه‌ی حه‌وت مانگه‌ شه‌ڕی غه‌زه‌ درێژه‌ی هه‌یه‌، ئه‌مه‌یش دوای هێرشی حه‌ماس بۆ سه‌ر ئیسرائیل و كوشتنی هه‌زار و 200 ئیسرائیلی و گرتنی 249 كه‌س، له‌ دوای هێرشه‌كه‌ی حه‌ماس، ئیسرائیل هێرشێكی پێچه‌وانه‌ی بۆ سه‌ر ته‌واوی كه‌رتی غه‌زه‌ ده‌ست پێ كرد كه‌ تا ئێسته‌ 34 هه‌زار فه‌له‌ستینیی كوشتووه‌، گفتوگۆکان بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە قاهیرە درێژەی هەیە و نێوەندگیرەکان لەبارەی ڕاگەیاندنی ئاگربەست گەشبینن.


وشە - ئارا هێمن