ئەمەریكا پێشنیازی جێگیركردنی هێزەكانی ناتۆ لە غەزە دەكات

:: PM:07:18:17/04/2024 ‌

هێرشەكەی حەماس 7ی تشرینی یەكەمی 2023 بۆ سەر ئیسرائیل، ئەوەی سەلماند كە ناكرێت چیتر بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیل هاوسنوور بن، بە كورتی ئیسرائیل و ئەمەریكا پێیان وایە دەبێت كۆتایی بە دەسەڵاتی حەماس بێت لە كەرتی غەزە، چونكە ئەگەری دووبارەبوونەوەی شەڕ هەیە، بۆیە ئێستە چەند بژارەیەك تاوتوێ دەكرێت، لەوانە رادەستكردنی غەزە بۆ هێزەكانی ناتۆ.

كەناڵی 12ی ئیسرائیلی ئاشكرای دەكات كە ئیدارەی جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمەریكا و چەند وڵاتێكی عەرەبی تاوتوێی پێشنیازێك دەكەن كە دوای كۆتاهاتنی شەڕ، كەرتی غەزە بخرێتە ژێر كۆنترۆڵی هێزەكانی هاوپەیمانی باكوری ئەتڵەسیی ناتۆ، هەر لە پێشنیازەكەدا هاتووە، پێویستە ددانانێكی نێودەوڵەتی بە دەوڵەتێكی فەلەستینی مسۆگەر بكرێت.

وەك كەناڵەكە باسی كردووە، پێشنیازەكە رەتی دەكاتەوە جارێكی تر بزووتنەوەی حەماس بگەڕێتەوە دەسەڵات لە غەزە، هاوپەیمانی ناتۆ سەرپەرشتیی ئاوەدانكردنەوەی كەرتەكە و بەڕێوەبردنی كاروباری ژیانی خەڵكەكە دەكات، هێزەكانی ناتۆ بۆ پێنج ساڵ لەوێ دەمێننەوە و دوای ئەوە هەڵبژاردن دەكرێت و حكوومەتێكی ناوخۆیی پێك دێت كە سەرپەرشتیی كەرتی غەزە دەكات، ئەگەر ئەو پلانە لەوێ سەری گرت، لە بەری رۆژئاواش جێبەجێ دەكرێت.  

لای خۆیەوە تامیر هایمان، سەرۆكی پێشووی هۆبەی هەواڵگریی سەربازیی ئیسرائیل، ستایشی پێشنیازەكەی كرد بەوەی ئامانجەكانی شەڕی غەزە دێنێتە كایەوە، لە سەروویانەوە رزگاربوون لە فەرمانڕەوایەتیی حەماس، چونكە ئەوەی یەحیا سنووار، سەركردەی حەماس لە غەزە زۆر لێی دەترسێت، دۆزینەوەی شوێنگرەوەی فەرمانڕەوایەتیی حەماسە لە غەزە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل