پسپۆڕێك: بەدەمەوەهاتنی ئەمەریكا پێوندیی بە سەردانەكەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمەوە هەیە

:: PM:07:42:17/04/2024 ‌

پسپۆڕێكی پێوەندییە نێودەوڵەتییەكان پێی وایە ئاماژەكردن بۆ ناو و دۆخی هەرێمی كوردستان لە كۆشكی سپی و ئەمەریكا، دەستكەوتێكی گرنگە بۆ كورد، چونكە ئەمەریكا وڵاتێكی زلهێزە و هەروا بە سادەیی باس لە هەرێمی كوردستان ناكات و نایخاتە ناو پلانی كاری خۆیەوە، دووپاتی كردەوە كە ئەم بەدەمەوەهاتنەی ئەمەریكا پێونديی بە سەردانەكەی دوایی سەرۆكی حكوومەتی هەرێم بۆ واشنتن هەیە.

د. ئاری مامشەیی، پسپۆڕی پێوەندییە نێودەوڵەتییەكان لە زانكۆی ئۆسلۆ لە نەرویج  بە "وشە"ی راگەیاند، ئاماژەكردن بە ناوی هەرێمی كوردستان و دۆخ و هەلومەرجی هەرێم لە كۆشكی سپی و ئەمەریكا، دەستكەوتێكی گرنگە بۆ كورد و ئەمەریكا وڵاتێكی زلهێزە و هەروا بە سادەیی باس لە هەرێمی كوردستان ناكات و نایخاتە پلانی كاری خۆیەوە، ئەم بەدەمەوەهاتنەی ئەمەریكاش پێونديی بە سەردانەكەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمەوە هەیە كە لە ماوەی رابردوودا ئەنجامی دا.

روونی كردەوە، ستراتیجییەتی ئەمەریكا وایە كە هەرێمی كوردستان دەبێت خۆشگوزەران و سەقامگیر بێت، هەروەها چارەنووسی عێراقیش وابەستەیە بە چارەنووسی هەرێمی كوردستانەوە، بۆیە دەبێت هاوئاهەنگی لە نێوان هەردوولادا بكرێت، چونكە پێگەی هەرێمی كوردستان بۆ ئەمەریكا گرنگ و جێگەی بایەخە و بە ئاسانی سازشی لەسەر ناكات.


ئەو پسپۆڕە دووپاتی كردەوە، ئەمەریكا دەیەوێ هەرێمی كوردستان بەش و پێكهاتەیەكی گرنگی عێراق بێت، چونكە بەهێزیی هەرێم واتە بەهێزیی عێراق، بۆیە هەر كات هەرێم كە بەشێكە لە عێراق، كێشەی هەبێت، ئەوا تەواوی عێراق كێشەی بۆ دروست دەبێت و دووچاری چەندین كۆسپ و بەربەست دەبێتەوە.

شایەنی باسە لە كۆتایی مانگی‌ شوباتی‌ ئەمساڵ، مەسروور بارزانی،‌ سەرۆك وەزیرانی‌ هەرێمی كوردستان بە بانگێشتێكی‌ فەرمی‌ سەردانی‌ ئەمەریكای‌ كرد، ئێستە كە سەرۆك وەزیرانی عێراق بانگێشت كراوە و لەوێ باسی چارەسەركردنی كێشەكانی هەرێم و بەغدا كراوە، دەركەوت كە سەردانەكەی سەرۆك وەزیرانی‌ هەرێم بۆ واشنتن كلیلی‌ چارەسەری‌ كێشە دارایی و سیاسییەكانی‌ نێوان هەرێم و بەغدا‌ بووە.

وشە/ ئاسان محەمەد



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل