ئەندامێكی مەكتەبی سیاسیی بزووتنەوە: سەردانەكەی مەسروور بارزانی بۆ ئەمەریكا زۆر دۆسیەی یەكلا كردەوە

:: PM:08:44:17/04/2024 ‌

لە كۆبوونەوەی دوایی سەرۆكی ئەمەریكا و سەرۆك وەزیرانی عێراق، باس لە پێویستیی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان بەغدا و هەولێر كرا، بەرپرسێكی باڵای بزووتنەوەی ئیسلامی پێی وایە لێدوان و هەڵوێستەكانی سەرۆكی ئەمەریكا لەبارەی هەرێمی كوردستان و بابەتەكانی مووچە و نەوت، بەرهەمی سەردانەكەی مەسروور بارزانییە بۆ واشنتن، ئێستەش هەشت سیناتۆر داوای دیداری بایدن و سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكەن.

حەسەن ئەمین، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی بزووتنەوەی ئیسلامی بە "وشە"ی راگەیاند، سەردانەكەی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان بۆ ئەمەریكا گرنگ بووە، چونكە واشنتن پەیامێكی بە عێراق و دەوڵەتانی ناوچەكە دا بەوەی هەرێم قەوارەیەكی دەستوورییە و نابێت پەراوێز بخرێت، دەبێت كێشەكانی چارەسەر بكرێت، سەرۆك وەزیرانی هەرێم ماوەیەكی زۆر لە ئەمەریكا مایەوە و هەموو دۆسیەكانی پێوەندیدار بە عێراق و ناوچەكە و گرووپە چەكدارەكان و نەوت و غاز و مووچە و بودجەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەمەریكا باس كردووە، بۆیە لە قۆناغەكانی خەباتی گەلی كورددا، سەردانەكەی مەسروور بارزانی زۆر دۆسیەی یەكلا كردەوە، ئێستەش كێشەكان بەرەو چارەسەری دەڕۆن.

ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، لەسەر ئەو دۆسیانەی سەرۆك وزیرانی هەرێم لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریكا باسی كردووە، بایدن قسەی لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی كرد، لەوانە لەبارەی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و دووپاتكردنەوە لە چارەسەركردنیان بە گفتوگۆ و ناردنی بودجەی كوردستان و دەست پێكردنەوەی هەناردنی نەوتی هەرێم.

 ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسیی بزووتنەوەی ئیسلامی دووپاتی كردەوە، هەشت سیناتۆری ئەمەریكا یاداشتنامەیەكیان بە بایدن داوە بۆ ئەوەی چۆن لەكاتی سەردانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان بۆ واشنتن دیداری لەگەڵ نەبووە، لەوكاتەی تاكە دۆستی ئەمەریكا لە ناوچەكە تەنیا هەولێرە، پێشبینی دەكەن لە ماوەیەكی زۆر نزیكدا سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكوومەت لە كۆشكی سپی دیداری سەرۆكی ئەمەریكایان هەبێت، تا بە تەواوەتی كێشەكان چارەسەر بكرێن، لەوكاتەی ئەمەریكا كورد بە دۆستی خۆی دەزانێت.

"وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا بە روونی ئاماژەی بە ناوی هەرێمی كوردستان داوە، دەبێت ئەو كێشانەی بۆ دروست دەكرێن لە بۆردمان و شایستەی دارایی و چەندان دۆسیەی تر چارەسەر بكرێن، ئەوانە پێمان دەڵێن كە كوردستان جێی بایەخی ئەمەریكایە"، حەسەن ئەمین، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی بزووتنەوەی ئیسلامی وا دەڵێت.

هەڵەبجە/ عەزیز رەسووڵ



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل