ئامادەكارییەكان بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەولێر دەستی پێ‌ كرد

:: PM:03:56:18/04/2024 ‌
بەسەرپەرشتی پارێزگار، كۆبوونەوەیەكی تایبەت لەبارەی وەرگرتن و بەبازاڕكردنی گەنمی جووتیاران بەڕێوەچوو. پارێزگاری هەولێر دەڵێت، دەبێت پرۆسەكە بۆ ئەمساڵ لە سایلۆی هەولێر و سایلۆی قوشتەپە زۆر بەباشتر و چاكتر لە ساڵانی ڕابردوو و بەبێ كەموكوڕی و كێشە و گرفت بەڕێوە ببەن.

ئەمڕۆ پێنجشەم 18ـی نیسان، بەسەرپەرشتی ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، كۆبوونەوەیەكی تایبەت لەبارەی داڕشتنی میكانیزم و ڕێوشوێنی پێویست بۆ وەرگرتن و بە بازاڕكردنی گەنمی جووتیاران لە سنووری پارێزگای هەولێر بۆ ئەمساڵ بەڕێوەچوو.

پارێزگاری هەولێر تیشكی خستە سەر ئەو ئامادەكاری و ڕێوشوێنانەی كە پێویستن بۆ  وەرگرتن و بە بازاڕكردنی گەنمی جووتیارانی سنووری پارێزگای هەولێر بۆ ئەمساڵ بگیرێتەبەر، لەوبارەیەشەوە دەستخۆشی لە سەرۆك و ئەندامانی لیژنەی باڵای سەرپەرشتیاری ساڵی ڕابردووی پرۆسەكە كرد و دووپاتی لەوە كردەوە كە ئەندامانی لیژنەی نوێ، دەبێت پرۆسەكە بۆ ئەمساڵ لە سایلۆی هەولێر و سایلۆی قوشتەپە زۆر بەباشتر و چاكتر لە ساڵانی ڕابردوو و بەبێ كەموكوڕی و كێشە و گرفت بەڕێوەببەن، هەروەها دووپاتی لە یەكسانی و دادپەروەری لە وەرگرتنی دانەوێڵەی جوتیاران كردەوە.

لە تەوەرێكی تری كۆبوونەوەكەدا، پارێزگاری هەولێر لە پێناو پێشكەشكردنی ئاسانكاری و هاریكاری و یارمەتیدانی جووتیارانی سنووری شارۆكەی كۆیە، ڕەزامەندبوونی پارێزگای هەولێری پێشان دا بۆ كردنەوەی بنكەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران لە كۆیە، بۆ ئەو مەبەستەش لەلایەن وەزارەتی بازرگانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رێكار و رێوشوێنی پێویست دەگیرێتەبەر.

جێگری پارێزگاری هەولێر دووبارە بەسەرۆكی لیژنەی باڵای وەرگرتن و بە بازاڕكردنی گەنمی جووتیاران لە سنووری پارێزگای هەولێر دەستنیشان كرایەوە، لەلایەن ئامادەبووانەوە چەندان پرس و بابەتی تری پێوەست بە بەڕێوەچوونی پرۆسەكە بە سەركەوتوویی خرایە ڕوو و گفتوگۆی لەبارەوە كرا.



وشە - رامیار جەواد