شیعە سالم عیساوی لە سەرۆكایەتیی پەرلەمان نزیك دەكەنەوە

:: PM:05:49:18/04/2024 ‌

بابەتی هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بووەتە تەنگژەیەكی تری ئەو وڵاتە، لە كۆتای ساڵی رابردوو و بەر لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگەكان، دادگای فیدراڵی محەمەد حەلبووسی، سەرۆكی پەرلەمانی لە سەرۆكایەتیی پەرلەمان و پەرلەمان دوور خستەوە، لەو ساتەوە نەتوانراوە سەرۆكێكی نوێ بۆ پەرلەمان دیاری بكرێت، كاندید هەبووە و دەنگدان كراوە، بەڵام شیعە پرۆسەكەیان پەك خستووە، دوێنێ شەعلان كەریم، كاندیدی حزبی تەقەدوم و حەلبووسی لە كێبەركێی پۆستەكە كشایەوە، ئێستەش شیعە بە نیازن پۆستەكە بۆ سالم عیساوی یەكلا بكەنەوە.

ئێوارەی دوێنێ شەعلان كەریم، كاندیدی براوەی پۆستەكە لە یەكەم گەڕی دەنگدان، كشانەوەی لە كێبركێی خۆكاندیدكردنی بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان راگەیاند، جیا لە كشانەوەی لە هاوپەیمانی تەقەدوم، كە حەلبووسی سەرۆكایەتی دەكات، ئەو هۆكارەكەی بۆ ئەو بوختان و گومانانە گەڕاندەوە كە خراوەتە سەر كەسایەتی و ئەندامیەتی لە پەرلەمان، جیا لە ناپاكیی كەسانی نزیكی و بۆ خۆبەدوورگرتن لەو مشتومڕەی دروست بووە، بۆیە كشانەوەی لە كاندیدبوون بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان راگەیاند، لە ماوەی داهاتووش وەك ئەندامێكی سەربەخۆ لە پەرلەمان كار دەكات، زیاد لەوە داوای دانیشتنێكی بەپەلەی پەرلەمانی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێ كرد. 

دوای كشانەوەی كەریم لە كێبركێی سەرۆكایەتیی پەرلەمان، جیا لە قسەی بەرپرسانی حزبی تەقەدوم بەوەی ئەگەر هەیە حەلبووسی بگەڕێتەوە و دوای لابردنی تاوانەكانی سەری بتوانێت پۆستی سەرۆكی پەرلەمان وەربگرێتەوە، ئێستە لەناو ئەو كاندیدانەی پێشتر ركابەری شەعلانیان دەكرد، دووانیان پاڵپشتیی چوارچێوەی شیعە و دەوڵەتی یاسایان هەیە، ئەوانیش ساڵم عیساوی، كە كاندیدی سیادە و خەمیس خەنجەرە و مەحموود مەشهەدانی، كاندیدی هاوپەیمانی عەزمی نزیك لە نووری مالیكین، كە هەردووكیان سوننەن. 

دوێنێ محەمەد عەلەوی، سەركردە لە حزبی تەقەدومی حەلبووسی رای گەیاند كە تا ئێستەش پێیان وایە شوێنگرەوەی حەلبووسی بۆ سەرۆكی پەرلەمان نییە و گەڕانەوەی بۆ پۆستەكەی ئەگەری هەیە، بۆ ئەو كارەش رێگەی سیاسی و یاسایی هەن، بیرۆكەی گەڕانەوەی حەلبووسیش لەلایەن هەندێك لایەنی چوارچێوەی هاوئاهەنگی خراوەتە روو، بۆیە لە حاڵەتی نەگەڕانەوەی حەلبووسی، پێشبینی بەردەوامیی پۆستەكە بە بەتاڵی تا هەڵبژاردنی داهاتوو دەكەن. 

ئێستە دوو بژارە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێی پەرلەمان هەیە، یەكەمیان رێككەوتنی سوننە لەسەر ئەو كاندانەی پۆستەكە هەن بە رازیبوونی چوارچێوەی شیعە، دووەم هەمواركردنی پێڕەوی ناوخۆی پەرلەمان و دووبارە كردنەوەی دەرگەی خۆپاڵاوتن بۆ پۆستەكە، ئەگەرچی بژارەی دووەمیان زەحمەتە و ئەگەری زیاترە دەنگدان لە نێوان كاندیدانی پێشوو دوای كشانەوەی شەعلان كەریم بكرێت. 

لای خۆیەوە سائیر جبووری، پەرلەمانتاری چوارچێوەی هاوئاهەنگی دووپاتی كردەوە كە دەنگدان لەسەر هەڵبژاردنی سالم عیساوی، كاندیدی سیادە بۆ سەرۆكی پەرلەمان نزیك بووەتەوە، كشانەوەی شەعلان كەریم دوای ئەوە هات كە دركی بە زەحمەتی بەدەستهێنانی متمانەی پەرلەنان كرد بەهۆی بوونی ڤیتۆ لەلایەن ژمارەیەك پەرلەمان و هێزی سیاسی جیا جیا.

روونی كردەوە، كشانەوەی شەعلان كەریم چارەسەركردنی تەنگژەی هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمان نزیك كردەوە، چونكە ئەو هەنگاوە وای كرد كە ساڵم عیساوی لە وەرگرتنی پۆستەكە لە رۆژانی داهاتوو زۆر نزیك ببێتەوە، ئێستەش چاوەڕوانی سازانی هێزە سیاسییەكانین لەسەر دیاریكردنی دانیشتنێكی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێ لە ماوەیەكی زۆر نزیكدا.

دوای دەركردنی حەلبووسی لە پەرلەمان و پۆستەكەی وەك سەرۆكی پەرلەمان لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە، كێبركێیەكی توند كەوتە ناوماڵی سوننە، تا ئێستە حزبی تەقەدومی حەلبووسی پێی وایە پۆستەكە بەركەوتەی خۆیەتی، چونكە خاوەنی 43 كورسیی پەرلەمانە، لەوكاتەی هەریەك لە سیادەی خەمیس خەنجەر و عەزی موسەنا سامەرایی و حەسم دووپاتی دەكەنەوە كە پۆستەكە هی سوننەیە و پێوەست نییە بە حزبی تەقەدوم، بۆیە ئەوانیش كاندیدیان بۆ پۆستەكە هەبوو، لەوانەش سالم عیساوی و مەحموود مەشهەدانی و ژمارەیەك كاندیدی تری سوننە.

ئێستە موحسین مەندەلاوی، جێگری سەرۆكی پەرلەمان لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی سەرپەرشتیی دانیشتنەكانی پەرلەمان دەكات، بۆیە درێژەكێشانی دۆخەكە بۆ شیعە و چوارچێوەی هاوئاهەنگی هیچ كێشەیەكی نییە و لە بەرژەوەندیی ئەواندایە، بۆیە سوننە هەوڵ دەدەن بە زووترین كات پۆستەكە پڕ بكەنەوە، كە تا ئێستە بە چەند بڕیارێكی دادگای فیدراڵییەوە بابەتی هەڵبژاردانی سەرۆكی نوێی پەرلەمان پەكی كەوتووە.

دوای دانیشتنی پەرلەمان بۆ دەنگدان لەسەر كاندیدانی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان، كە تیایدا و لە یەكەم گەڕدا شەعلان كەریم دەنگی یەكەمی بەدەست هێنا و ساڵم عیساویش لە پلەی دووەم هات، بەڵام شیعە نەیانهێشت دووەم گەڕی دەنگدان بێتە سازكردن، چونكە ئەگەری زۆر بوو كەریم بیباتەوە، دادگای فیدراڵی هاتە ناو بابەتەكە و دوو سكاڵا لەلایەن ئەندامانی سوننە و شیعە لەسەر دانیشتنەكە و شەعلان كەریم تۆمار كران، دادگاكە بڕیاری بە یاساییبوونی دانیشتنەكە دا، واتە یەكەم گەڕی دەنگدان قبووڵ كراوە و پەرلەمان دەتوانێت دووەم گەڕی دەنگدان لە نێوان كەریم و عیساوی ساز بكات، ئێستەش كەریم كشاوەتەوە، جیا لەوە حزبەكەی حەلبووسی رەتی دەكاتەوە دووەم گەڕ بكرێت، چونكە بە مسۆگەری عیساوی دەیباتەوە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل