شارەزایەكی بوارەكە: چارەسەركردنی كێشەی مووچە بازاڕی عەقاراتی بووژاندووەتەوە

:: PM:06:13:18/04/2024 ‌

لە ماوەی ئەم مانگە گەشبینی و كرانەوە بەسەر دۆخی ئابووری و دارایی هەرێم زاڵ بوو، ئەوەش دوای رێككەوتنی هەردوو حكوومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان لەسەر چارەسەركردنی كێشەی مووچە و دەركردنی ژمارەیەك بڕیاری موژدەبەخش لەلایەن حكوومەتی هەرێمەوە، لەوانە دابەشكردنی زەوی و لێخۆشبوون لە چەند قەرز و كەمكردنەوەی رسوومات، شارەزایەكی بواری عەقارات دووپاتی دەكاتەوە كە هەموو ئەوانە بوونە هۆی بووژانەوەی بازاڕی ئەو كەرتە.

توانا محەمەد، شارەزای بواری عەقارات دەڵێت، لە ماوەی دواییدا و دوای رێككەوتنی نێوان بەغدا و هەولێر لەبارەی مووچە و خەرجكردنی بێ دواكەوتن، بازاڕی عەقارات بووژانەوەیەكی باشی بەخۆیەوە بینیوە، ئێستە هاووڵاتییان هەست بە ئارامی دەكەن، بەوەی دەتوانن قیستی مانگانە بدەن، چونكە مووچەكەیان مانگانە و بە رێكوپێكی وەردەگرن، ئەوەش وا دەكات دەست بۆ كڕینی شوقە و خانوو بە قیست لە كۆمەڵگەكانی نیشتەجێبوون ببەن، ئەوانەش هەمووی دەبنە هۆی بووژانەوەی بازاڕی عەقارات.

ئەو شارەزایە دووپاتی كردەوە كە وەرزی بەهار باشترین كاتە كە تیایدا زۆرێك لە خەڵكی پارێزگاكانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق بێنە هەرێمی كوردستان و یەكەكانی نیشتەجێبوون بكڕن، بەتایبەتی لەو كۆمەڵگایانەی كە پشت بە سیستمی قستی مانگانە دەبەستن.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل