پەرلەمانتارێكی پێشوو: پارتی ناچێتە هەڵبژاردنێكەوە كە پێشوەختە یەكلا كرابێتەوە

:: PM:09:52:18/04/2024 ‌

ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان دووپاتی دەكاتەوە كە پارتی دیموكراتی كوردستان هەموو كات ئامادەی هەڵبژاردن بووە و چەندانجار دەستپێشخەری بۆ ئەنجامدانی كردووە، بەڵام ئەو حزبە ناچێتە هەڵبژاردنێك كە داتاشرابێت و پێشوەختە ئەنجامەكەی یەكلا كرابێتەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەم 18ی نیسانی 2024، ئیدریس ئیسماعیل، ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، ئەو حزبەی لە هەرێمی كوردستان هەمیشە دەستپێشخەری كردووە و لە هەر كات و ساتێكدا ئامادەی هەڵبژاردن بووە تەنیا پارتی دیموكراتی كوردستانە، كە چەندانجار دەستپێشخەری بۆ ئەوە كردووە كە هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا بكرێت، چونكە پێی وایە مافێكی دیموكراسییانەی خەڵكی كوردستانە.

زیاتر گوتی، هاوكات پارتی ناچێتە هەڵبژاردنێكەوە كە پێشوەختە یەكلا كرابێتەوە و داتاشرابێت، سەرۆك بارزانی دووپاتی لەوە كردووەتەوە كە هەڵبژاردنی پاك و بێگەرد بۆ هەرێمی كوردستان گرنگە، بەڵام مەترسی هەیە ئەو هەڵبژاردنە پاك و بێگەرد نەبێت، ئەمە دەری دەخات كە پلانێك هەیە بەوەی كە هەڵبژاردنەكە بەو شێوەیە بەڕێوە نەچێت.

ئەو ئەندامەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان دووپاتی كردەوە، پارتی لەسەر ئاستی عێراق هێزێكی گەورەیە و ئەوەی سەلماندووە كە لە هەڵبژاردن حزبی یەكەمە لە هەرێمی كوردستان و حزبی زۆرینەیە لە عێراق، ئەوانەشی ئێستە داوای هەڵبژاردن دەكەن و دەڵێن نابێت دوا بخرێت، تەنیا موزایەدە و چەواشەكاری دەكەن بە ناچاری خۆیان گەرموگوڕ نیشان دەدەن.

لای خۆیەوە هێمن سەعید شارەزای یاسایی بە "وشە"ی گوت، هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە چەندین ساڵی رابردوو بە رەزامەندیی لایەنەكان بووە و هەمووان پێكەوە بڕیاریان لەسەر داوە، بۆ نموونە دوو ساڵ پێش ئێستە لایەنێك ئامادە نەبوو و هەڵبژاردن نەكرا، كەواتە پێكەوە بڕیار دەدرێت نەك لایەنێك بە تەنیا بڕیار بدات.

وشە/ تایبەت 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل