چەند بڕیارێك بۆ بەرژەوەندیی هاووڵاتییان دەرچوو

:: AM:11:46:19/04/2024 ‌
بە فەرمانی سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، چەند بڕیارێك دەرچوو كە سوودی زۆری بۆ هاووڵاتییان هەیە.

ئەمڕۆ هەینی 19ـی نیسان، وەزارەتی تەندروستی بڵاوی كردووەتەوە، لەپێناو بایەخدان بە خزمەتگوزاریی چاودێریی سەرەتایی تەندروستی بە تایبەت چاودێریی دایكایەتی و منداڵان، بۆ ڕێكخستنی كاری كۆمپانیاكان كە ریكلام بۆ تەواوكەری خۆراكی تایبەت بە منداڵانی یەك ساڵ بۆ 10 ساڵ دەكەن، سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، چەند بڕیارێكی دا.

لە فەرمانێكدا كە لە هەشت خاڵ پێك هاتووە بڕیاردرا، ڕەچاوی ئەم خاڵانەی خوارەوە بكەن و پابەند بن پێوەی:

ئەمەش دەقی فەرمانەكەیە:

دوابەدوای هەردوو فەرمانی وەزاریمان ژمارە (2949)لە 17/5/2022 و (7620) لە 15/11/2023 پاڵپشت بە مادەی (2) بڕگەی (3) لە یاسای وەزارەتی تەندروستی ژمارە (15) ی ساڵی 2007 لە پێناو بایەخدان بە خزمەتگوزاریی چاودێریی بەرایی تەندروستی بە تایبەت چاودێریی دایكایەتی و منداڵان، بە مەبەستی رێكخستنی كاری كۆمپانیاكان كە ریكلام بۆ تەواوكەری خۆراكی تایبەت بە منداڵانی تەمەن (یەک تا 10)ساڵی دەكەن بڕیارماندا كە هاوشێوەی شیری منداڵان مامەڵەی لەگەڵ بكرێت بەم شێوەیەی خوارەوە:

1. پێویستە لە سەر كارمەندانی نەخۆشخانەكانی لەدایكبوون و سەنتەرەكانی كوتانی منداڵان، ڕێنوێنی دایكان بكەن تاوەكو شیری دایك بدەن بە كۆرپەكانیان.

2. بە هەموو شێوەیەك قەدەغەیە كە هیچ جۆرە شیرێك یان تەواوكەری خۆراكی لە نەخۆشخانەكانی لەدایكبوون و بنكە تەندروستییەكان و سەنتەرەكانی كوتانی منداڵان بدرێ بە هاووڵاتییان.

3. بوونی (مروج)ی كۆمپانیاكان لە نەخۆشخانەكانی حكوومی و ناحكوومی، سەنتەرەكانی كوتانی منداڵان و هەر داودەزگایەكی تەندروستی، ریكلامكردن بۆ شیر یان تەواوكەری خۆراكی بە هەموو شێوەیەك قەدەغەیە.

4. هەر پزیشكیك یان كارمەندێكی تەندروستی یان فەرمانبەرێك، ریكلام بۆ هەر كۆمپانیایەك بكات، رێكاری یاسایی تووندی بەرانبەر بگیرێتە بەر بە سزادان و گواستنەوەی لەو شوێنە.

5. هەر خۆبەخشێك كار لەگەڵ كۆمپانیای شیر یان تەواوكەری خۆراكی بكات كۆتایی بە ڕاژەكەی بهیێنرێ و ڕێكاری یاسایی بەرانبەر بگیرێتە بەر.

6. بە هەموو شێوەیەك قەدەغەیە شیر و تەواوكەری خۆراكی منداڵان لە كافتریای نەخۆشخانەكان بفرۆشرێت و ریكلام بۆ هەر كۆمپانیایەك بكرێت، لە كاتی سەرپێچی دا جگە لە ڕێكاری یاسایی كۆتایی بە گرێبەستەكەی بهێنرێت.

7. هەر چالاكییەكی زانستی کە لەلایەن كۆمپانیاكانی شیر و تەواوكەری خۆراكی منداڵان ڕێك دەخرێت، پێویسە رەزامەندی پێشوەختەی لە وەزارەتی تەندروستی، بەشی چاودێریی خۆراك وەربگیرێت، نابێت هیچ فەرمانبەرێكی سەر بە وەزارەتی تەندروستی بەشداری لەم چالاكییانە بكات، بە پێچەوانەوە ڕێكاری یاسایی تووندیان بەرانبەر دەگیرێتە بەر.

8. بەڕێوەبەری نەخۆشخانە و لێپرسراوی كارگێڕی نەخۆشخانە و بنكە تەندروستیەكان، بەرپرسن بەرانبەر جێبەجێكردنی ئەم خاڵانەی سەرەوە، بە پێچەوانەوە ڕێكاری یاسایی تووند لە بەرانبەریان دەگیرێتە بەر.


وشە - رامیار جەواد