سەرۆك بارزانی بە بۆنەی 30 ساڵەی دەرچوونی گۆڤاری گوڵان پەیامێكی بڵاو كردەوە و رای گەیاند، گۆڤاری گوڵان لەمیانەی پابەندبوونی بە بنەما نەتەوەیی و نیشتمانییەكان، توانیویەتی بە شێوەیەكی زۆر پیشەییانە خزمەتی رۆژنامەگەریی كوردی و بیری نەتەوەیی و نیشتمانیی كوردستانی بكات.
دەقی پەیامەكەی سەرۆك بارزانی:
بەناوی خوای مەزن و دلۆڤان
بەڕێزان/ سەرنووسەر و كارمەندان و ستافی گۆڤاری گوڵان
بەبۆنەی 30ـیەمین ساڵیادی دەرچوونی گۆڤاری گوڵان گەرمترین پیرۆزبایی ئاڕاستەی سەرنووسەر و تەواوی كارمەندان و ستافی گۆڤاری گوڵان و خوێنەرانتان دەكەم.
گۆڤاری گوڵان لە میانەی پابەندبوونی بە بنەما نەتەوەیی و نیشتمانییەكان توانیویەتی بە شێوەیەكی زۆر پیشەییانە خزمەتی رۆژنامەگەریی كوردی و، بیری نەتەوەیی و نیشتمانی كوردستانی بكات و، هەوڵیداوە سەكۆیەك بێت بۆ بڵاوكردنەوەی كولتووری تەبایی و لێبوردەیی و پێكەوەژیانی نێوان تەواو ئایین و نەتەوە جیاوازەكانی كوردستان، هەموو كاتێكیش گوڵان ناوەندێكی ئازاد بووە بۆ كۆكردنەوەی بیروبۆچوونی جیاوازیی دەستەبژێر و پسپۆرانی ناوخۆ و دەرەوە.
بەم بۆنەیەوە جارێكی دیكە سوپاسی هەوڵ و ماندووبوونتان دەكەم، هیوادارم زیاتر پابەندبن بە پرەنسیپە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان، و رۆڵێكی زیاتر بگێڕن لە بڵاوكردنەوەی كولتووری لێبوردەیی و پێكەوەژیانی نەتەوە و ئایینە جیاوازەكانی كوردستان، باشتر دەرگاتان واڵا بكەن بۆ كۆكردنەوەی بیربۆچوونە جیاوازەكان، هیوای سەركەوتن و بەردەوامی زیاترتان بۆ دەخوازین.
مەسعوود بارزانی