لە فڕۆكەخانەی هەولێر كێ‌ پێشوازی لە ئەردۆغان دەكات؟

:: PM:06:33:22/04/2024 ‌
بڕیارە كەمێكی تر، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا بگاتە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و لەلایەن بەرپرسانی باڵای كوردستان پێشوازی لێ‌ بكرێ‌. 

ئەردۆغان ئەمڕۆ سەردانی بەغدای كرد و لەگەڵ سەرۆك كۆماری عێراق و سوودانی كۆ بووەوە، لە ئەنجامی سەردانەكەدا 24 رێككەوتنی لەگەڵ عێراق واژوو كرد. 

بەگوێرەی زانیارییەكانی "وشە"، لە فرۆكەخانەی پایتەختی كوردستان، نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان، مەسروور بارزانى سەرۆک وەزیرانى کوردستان، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران، ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، هاوكات ئایدن مەعرووف وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پێكهاتەكان و شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە، پێشوازی لە ئەردۆغان دەكەن.

پێشتر "وشە" بڵاوی كردەوە، نزیكی سەعات حەوت بۆ 7:30ی ئێوارە، ئەردۆغان دەگاتە هەولێر و سەرەتای كۆبوونەوەكانی لەگەڵ مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان دەبێت. 

دواتر ئەردۆغان دەچێتە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان و لەگەڵ سەرۆكی هەرێم، بە ئامادەبوونی مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان كۆبوونەوەیەكی فراوان بەڕێوە دەچێت. 

بۆ سەعات 8:30 ئامادەكاری بۆ ئێوارەخوانێك كراوە كە لە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان بەڕێوە دەچێ.


وشە - وشه‌