میلیشیاكان لە دۆخێكی هەستیاردان.. لە نێوان حكوومەتەكەیان و ئێران دوودڵن

:: PM:07:21:23/04/2024 ‌

ئەگەرچی زۆرجار بە قسە و كردار دووپاتی دەكەنەوە كە راستەوخۆ فەرمان لە نووسینگەی رابەری باڵا شۆڕشی ئێران وەردەگرن، بەڵام بەشێكن لە حەشدی شەعبی و مووچە و چەك لە حكوومەتی عێراق وەردەگرن، میلیشیا شیعەكان، كە لە دوای هێرشەكەی حەماس بەناوی بەرگریی ئیسلامی خۆیان ناساند و هێرش دەكەنە سەر هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق و سووریا، ئێستە لە دۆخێكی هەستیاردان، كەوتوونەتە ژێر گوشاری ئێران و بەرژەوەندیی خۆیان و مانەوەیان و حكوومەتی چوارچێوەی شیعە لە عێراق.

هەر دوای هاتنەوەی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لە ئەمەریكا و راگەیاندنی كە لە واشنتن بەهیچ شێوەیەك باسی كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا یان لابردنی سزای سەر بانكە تایبەتەكانی سەر بە میلیشیاكان نەكراوە، بەدەر لە بێدەنگیی هێزە سیاسییەكانیان، كە نایانەوێ ئەو حكوومەت و دەستكەوتەی هەیانە تێك بچێت، میلیشیاكان بە فەرمانی ئێران، دوور لەو ئاگربەستەی كە پێشتر رایان گەیاندبوو، كەوتنەوە هێرشكردنە سەر بنكە سەربازییەكانی ئەمەریكا و لە ماوەی چەند رۆژێك بە مووشەك و درۆن بنكە سەربازییەكانی ئەمەریكایان بۆردمان كرد، بێ ئەوەی هیچ زیانێك دروست بكەن.  

لە سەرەتای ئەم هەفتەیە تەقینەوە لە بنكەیەكی سەربازیی حەشدی شەعبی لە پارێزگای بابل رووی دا و بەو هۆیەوە كارمەندێكی حەشد كوژرا و نۆی تریش بریندار بوون، ئەوكات میدیاكانی سەر بە میلیشیاكان زوو دەستیان بە هەڕەشە كرد و شارەزایانیشیان باسی هێرشێكی ئیسرائیلیان كرد، ئەبو فەدەك، سوپاساڵاری حەشدی شەعبی و سەركردە لە حزبوڵای عێراقی سەردانی شوێنەكەی كرد، هاتە راگەیاندن كە حەشدی شەعبی خۆی لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە دەكات.

ئەمڕۆ ئەنجامی لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە هاتە راگەیاندن، بەوەی رووداوەكە ئاسایی بووە و هێرشی ئاسمانی دەرەكی نەبووە، كەچی سەرچاوەیەكی چوارچێوەی هاوئاهەنگی گومان دەخاتە سەر ئەنجامی لێكۆڵینەوە، بەوەی هۆكاری تەقینەوەكەی بە وردی دیاری نەكردووە و زۆر شتی روون نەكردووەتەوە و ناڕوونە، بەڵكو تا ئێستە گومان هەیە كە رووداوەكە هێرش بووە، بەڵام دەیانەوێ دۆخەكە ئارام بكەنەوە، كە رەنگە میلیشیاكان یان لایەنی تر ئەوەیان بوێت.  

شارەزا و سیاسەتوانان پێیان وایە كاتی دەست پێكردنەوەی هێرشەكانی سەر بنكە سەربازییەكانی ئەمەریكا راستەوخۆ دوای گەڕانەوەی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە واشنتنەوە، تەنیا سودفە و رێككەوت نییە، بەڵكو پێوەندییەكی توندوتۆڵ و بە مەبەست لە نێوان هەردوو رووداوەكەوە هەیە، میلیشیاكان دوای چەند مانگێك لە راگەیاندنی ئاگربەست، لە ناكاو دەستیان بە هێرشەكانیان كردەوە، ئەوەش بەرجەستەی هەڵوێستی ناڕەزایەتی و نەرێنیی تاران و هاوپەیمانەكان لە ئەنجامی سەردانەكە دەكات، كە لەگەڵ بەرژەوەندییەكانی ئێران یەك ناكاتەوە.  

بەپێی راپۆرتەكان سوودانی لە واشنتن هیچ شتێكی لەبارەی خواست و داواكاریی میلیشیاكان سەبارەت بە كۆتاهێنان بە بوونی سەربازیی ئەمەریكا لە عێراق نەكردووە، بەپێچەوانەوە هەندێك لەو رێككەوتنانەی واژوو كران، بە تەواوەتی پێچەوانەی ویستی ئێران و میلیشیاكانی بووە، بەتایبەتی لە بواری وزە و نەوت و غاز و كارەبادا، ئەوەش كار دەكاتە سەر كڕینی غاز و كارەبا لە ئێران بە دۆلار، بەوەش تاران سەرچاوەیەكی دەستكەوتنی دۆلار لەدەست دەدات.

بۆیە هەندێك لە چاودێران وای دەبینن كە كاردانەوە نەرێنییەكان بەرانبەر بەو سەردانە تا ئاستێكی توندتر بەردەوام بێت، بۆ ئەوەش تاران چەند ئامرازێكی بۆ دەربڕینی توڕەیی خۆی لە بەغدا هەیە، دیارترینیان گوشاری میلیشیاكانە بۆ سەر سوودانی لە رووی سیاسی و تەناهییەوە، شارەزای تر دەڵێن، ئێران بە پەلە فەرمانی بە میلیشیاكانی دا كە هێرشەكان دەست پێ بكەنەوە، ئەو كارەی بۆ میلیشیاكانیش كتوپڕ بوو، وای كرد شكاندنی ئاگربەست رابگەیەنن و زوو پابەندبوونی پێوە بكەنەوە، وەك هەوڵێك بۆ خۆپاراستن لە لێكەوتەكانی ئەو هێرشانە.

ئێستە هێزە سیاسییە شیعەكان و تەنانەت میلیشیاكان و لەناو هەر میلیشیایەكیش دوو هەڵوێستی جیاواز هەیە، لەلایەك بەشێكیان پاڵپشتی لە سوودانی و حكوومەتەكەی و سەردانەكەی بۆ واشنتن دەكەن، چونكە سوودی ئابووری بۆ حكوومەتەكە و خۆیان هەیە، بەشەكەی تریان كە فەرمانی راستەوخۆ لە تاران وەردەگرن، لەگەڵ پەرەسەندنی دۆخەكەن و بۆ ئەوە ئامادەن، رەنگە دوو بەیاننامەكەی دوایی حزبوڵای عێراقی باشترین بەڵگە بێت، كاتێك لە دوای مووشەكبارانی بنكە سەربازییەكەی ئەمەریكا لە سووریا لە بەیاننامەیەكدا رایان گەیاند كە ئاگربەست كۆتایی هاتووە، دوای ئەوە لە بەیاننامەیەكی تر گوتیان كە بەیاننامەی یەكەم لەلایەن ئەوانە دەرنەكراوە و پابەندی ئاگربەستن.

 سەرچاوەیەكی ئاگەداری عێراقی دووپاتی كردەوە كە هەردوو بەیاننامەكە لە حزبوڵاوە دەركراون، یەكەمیان لە لقێكی كە راستەوخۆ پێوەستە بە سوپای پاسدارانی ئێران و فەرمان لەوەوە وەردەگرێت، لقی دووەمیش كە بەیاننامەی یەكەمی رەت كردەوە، سەر بە چوارچێوەی هاوئاهەنگیی فەرمانڕەوایە، كە پێی وایە كاتی پەرەسەندنی دۆخەكە نییە و مەترسیی گەورەی بەدواوەیە.    



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل