"هەر بەشدارێك وەسڵی ئاو و كارەبای بۆ بگەڕێتەوە وەك قەرز بۆی حیسابە و لێخۆشبوونی بۆ دەكرێت"

:: PM:10:06:05/05/2024 ‌

وەك ئاسانكارییەك بۆ هاووڵاتییان، حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری لێخۆشبوونی لە بەشێك لە پارەی ئاو و كارەبای خستووەتە بواری جێبەجێكردنەوە، بڕیارەكە تەنیا بۆ قەرزەكان نییە، بەڵكو ئەوانەش دەگرێتەوە كە راستەوخۆ پارە دەدەن، كاتێك تیمەكانی وەرگرتنی پارەی ئاو و كارەبا دەچنە بەردەم ماڵ راستەوخۆ لێخۆشبوون بۆ هاوبەشەكان دەكەن.

ئەو بڕیارە بە تەواوەتی لە بەرژەوەندیی هاووڵاتییانە، كە لەكاتی دانی پارەی ئاو و كارەبا راستەوخۆ 20% لێخۆشبوون بۆ هاوبەشەكە دەكرێت، بۆ نموونە ئەگەر كەسێك پارەی كارەبای 30 هەزار دیناری بۆ گەڕابێتەوە، شەش هەزار دینار لێخۆشبوونی بۆ دەكرێت، ئەوانەشی قەرزی كارەبایان لەسەرە بە هەمان شێوە 20% لێخۆشبوونیان بۆ دەكرێت.

ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێم بە "وشە"ی راگەیاند، خەڵكێكی زۆر پارەی ئاو قەرزدارە، بەشێكی زۆری ئەو قەرزەش هاوبەشەكانی حكوومەت و بازرگانی و پیشەسازی و هاوبەشەكانی ترە، بڕیاری لێخۆشبوونی پارەی ئاو هەموو هاوبەشەكانی ئاو دەگرێتەوە ئەوەی قەرزار بێت یان نەبێت، لەكاتی وەرگرتنی پارە لێخۆشبوون بۆ هەموو كەسێك دەكرێت، ئەو بڕیارەش لە بەرژەوەندیی هاوبەشەكانی ئاوە.

باسی لەوەش كرد، هەر هاووڵاتییەك وەسڵی بۆ بگەڕێتەوە وەك قەرز بۆی حیسابە، لەكاتی دانی پارەكە لێخۆشبوونی بۆ دەكرێت، لەگەڵ ئەوەشدا خەڵكێكی زۆر لە هاوبەشەكانی ئاو كە پارەی ئاویان لەسەرە، قەرزەكانیان دەگێڕنەوە بۆ ئەوەی لێخۆشبوونەكە بیانگرێتەوە و چەند رۆژێكە لە هەموو بنكە و شار و ناوچەكان خەڵك سەرە دەگرن تا ئەوەی لێخۆشبوونیان بۆ بكرێت و قەرز بدەنەوە، بۆ نموونە ئەوەی 500 هەزار قەرزدار بێت، 100 هەزار دینار لێخۆشبوونی بۆ دەكرێت، ئەمەش هاوكارییەكی زۆر باشە بۆ خەڵك.

لای خۆیەوە سمكۆ عەلی، هاووڵاتییە بە "وشە"ی گوت، رۆژی رابردوو تیمی كۆكردنەوە و وەرگرتنی پارە هاتنە بەردەم ماڵ، هیچ بڕە پارەیەكی كارەبا قەرزدار نیم، لەكاتی دانی پسولەكە و وەرگرتنی پارەكە راستەوخۆ لەوێ داشكاندنی پارەی كارەبایان بۆ كردم، واتە لێخۆشبوون كە 20%یە، بڕی 30 هەزار دینارم بۆ گەڕابووەوە و تەنیا 24 هەزار دیناریان لێ وەرگرتم، ئەوەش دوای ئەو بڕیارە دێت كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەرژەوەندیی هاووڵاتییان دەری كرد و كارئاسانییەكی زۆر باشە و خەڵك بڕێك پارەی بۆ دەگەڕێتەوە و دەتوانێت لە شتی تردا سوودی لێ وەربگرێت.

هەر پێوەست بەو بابەتەوە ئەردەڵان محەمەد، بەڕێوەبەری فەرمانگەی كارەبا بۆ "وشە" ئاماژە دەكات، بڕیارەكەی حكوومەت بۆ لێخۆشبوونی بڕێك پارەی كارەبا كەوتووەتە بواری جێبەجێكردن و تیمەكان لەكاتی گەڕانەوەی پسولەكان ئەوەی بیەوێ پارە بدات، راستەوخۆ لەبەردەم ماڵ لێخۆشبوونەكەی بۆ دەكەن و پارەی لێ وەردەگرن، هەر كەسێكیش بیەوێ بچێتە بنكەكانی وەرگرتنی پارە بە هەمان شێوە لەوێش لێخۆشبوونی بۆ دەكرێت و بەپێی ئەو بڕە پارەی كە بۆ هاوبەشەكانی گەڕاوەتەوە لێخۆشبوونەكەیان بۆ دەكرێت.

سەلام عومەر، بەڕێوەبەری ئاوی راپەڕین بە "وشە"ی راگەیاند، بڕیارەكە بۆ بەرژەوەندیی هاووڵاتییانە، بەهۆیەوە بەشێك لە لێخۆشبوونی پارە بۆ هاوبەشەكانی ئاو دەكرێت، لە ماوەی رابردوو چەندینجار ئەو بڕیارە دەرچووە و خەڵكێكی زۆر لێی سوودمەند بوون، لەگەڵ ئەوەشدا پارەیەك و داهاتێكی زیاتر دەگەڕێتەوە.

پێشتریش ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی كارەبا بە "وشە"ی راگەیاند كە بڕیاری لێخۆشبوونی پارەی كارەبا شتێكی باشە و لە بەرژەوەندیی هاووڵاتییانە و هاوبەشەكانی دەتوانن سوودی لێ وەربگرن.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل