لەبارەی كردنەئامانجی كۆرمۆرەوە سوودانی بە نیازی چییە؟

:: PM:07:34:02/05/2024 ‌

میلیشیاكان ناوە ناوە كیڵگەی غازیی كۆرمۆر دەكەنە ئامانج، سەرۆكی هەرێم لە سەردانی دوایی بۆ بەغدا چەند پرسێكی گرنگی لەگەڵ خۆی برد، لەوانە دووبارەبوونەوەی كردنەئامانجی كیڵگەی غازی كۆرمۆر، شەوی رابردوو سەرۆك وەزیرانی عێراق لە بارەگەی وەزارەتی ناخۆ رێنوێنی داوە بە مامەڵكردن لەگەڵ هەر هێرشێكی هاوشێوە وەك كارێكی تیرۆریستی.

سوودانی لە سەردانەكەی بۆ وەزارەتی ناوخۆی عێراق لەگەڵ ژمارەیەك فەرماندەی تەناهی كۆبووەتەوە دووپاتی لەوە كردووەتەوە كە دەبێت وەك كارێكی تیرۆریستی مامەڵە لەگەڵ گرنەئامانجی دامەزراوە ئابوورییەكان بكرێت و پێویستە دەزگە تەناهییەكان رۆڵیان هەبێت.

ئەو قسانەی سوودانی دوای هەفتەیەك لە هێرشەكەی سەر كیڵگەی غازیی كۆرمۆر لە چەمچەماڵ بە درۆنێكی بۆمبڕێژكراو دێت، كە زیانی گیانی و مایەكی زۆری لێ كەوتەوە و كاركردنی كیڵگەكەی بۆ ماوەیەك وەستاند، ئەوەش ناڕەزایەتیی گەورەی ناوخۆیی و دەرەكی بەدوای خۆیدا هێنا.

بەرپرسێك لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئاشكرای دەكات كە لە كۆبوونەوەكە سوودانی داوای داڕشتنی پلانی نوێی تەناهی بۆ رێگرتن لە كردنەئامانجی پڕۆژە ئابووری و نەوتییە گرنگەكان لە عێراق كردووە، كاتێك لێكۆڵینەوەكان لە رووداوەكە دەریان خست كە گرووپێكی چەكدار لەو هێرشەدا تێوە گلاوە، دووپاتی كردەوە كە سوودانی لە كۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆكی هەرێم لە دوای هێرشەكە بەڵێنی بەدواداچوونی بۆ هێرشەكە داوە، بەوەی بە تەواوەتی كۆتایی بە هێرشەكان دێنێت.

زیاتر دەڵێت، سوودانی داوای لە دەزگە تەناهییەكان كردووە پلانی توند و تۆكمە بۆ كۆنترۆڵكردنی ئەو دۆسیە دابنێن و بە توندی مامەڵە لەگەڵ هەر لایەنێك بكەن كە ئابووریی عێراق دەكاتە ئامانج، جا لە هەرێمی كوردستان بێت یان لە عێراق، بۆیە ئەو راستەوخۆ بەدواداچوون بۆ ئەو دۆسیە دەكات. 

شایەنی باسە سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە میانی سەردانەكەی دوایی بۆ بەغدا زانیاریی تەواوی لەبارەی هێرشەكە و ئەو لایەنەی لەپشتیەوەیە بە بەڵگەوە بە بەغدا داوە، داوای لە حكوومەتی عێراق كردووە بەرپرسیارەتی بگرێتە ئەستۆ لە پاراستنی ئەو دامەزراوە گرنگە نەوەتییە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل