هۆشدارییەك لە حەج و عومرەی كوردستانەوە بۆ حاجییان

:: PM:10:16:01/05/2024 ‌
بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرە لە وەزارەتی ئەوقاف ئاگادارییەك لە ژێر ناوی "گرنگ" بۆ هاووڵاتییانی كوردستان لەبارەی حەجەوە بڵاو دەكاتەوە و روونی دەكاتەوە خەڵكانێك بەناوی كەسیی و كۆمپانیاوە دەستیان كردووە بە بانگەشەی بردنی حاجیان بەرێگەی ڤیزەی ساڵیی یا هەر جۆرە ڤیزەیەكی تر كە دوورن لە راستییەوە و دووپاتیشی كردەوە لای خۆیەوە سعوودیەیش رێكاری توندی داناوە بۆ رێگری كردن لە حەجی نا فەرمی. 

ئەمڕۆ چوارشەم یەكی ئایاری 2024، بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرە بڵاوی كردەوە، لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی حەجی ئەمساڵ خەڵکانێک بەناوی کەسیی و کۆمپانیاوە دەستیان کردووە بە بانگەشەی بردنی حاجیان بەرێگەی ڤیزەی ساڵی یاخود هەر جۆرە ڤیزەیەکی تر. 

حەج و عومرەی كوردستان روونی كردووەتەوە،  لێرەوە بە گرنگ و پێویستی دەزانین هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان دووبارە ئاگاداربکەینەوە کە لە عێراق و لە هەرێمی کوردستان هیچ جۆرە حەجێکی لەم جۆرە نییە و حکوومەتی سعوودیەش بۆ ئەمساڵ چەندین رێککاری توندی داناوە بۆ رێگری کردن لە حەجی نافەرمی.

ئاگادارییەكە ئاماژەی داوە بەوەی ، پێشتریش وەزارەتی حەجی عەرەبستانی سعوودیە بڵاوی کردووتەوە و بە هەموو شاندی وڵاتانی راگەیاندووە کە هەر کەسێک جگە لە رێگەی فەرمی بە هەر رێگەیەکی تر لە وەرزی حەجدا فەریزەی حەج ئەنجام بدات لەکاتی گیرانیدا تووشی کێشە دەبێتەوە،  چ بە پێژماردنی پارە یاخود بە بەندکردن و رێگری کردن کە جارێکی تر ئەو هاووڵاتیە گەشتی سعوودیە نەکاتەوە.

حەج و عومرە دووپاتی كردووەتەوە و هۆشداریشی داوە،  هەر هاووڵاتیەک بە رێگەی ڤیزەی ساڵیی یا هەر جۆرە ڤیزەیەکی تر لە سعوودیە بگیرێت خۆی بەرپرسیار دەبێت و بەرێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرە هەموو دەرهاویشتەکان دەخاتە ئەستۆی خۆیان.

لە كۆتایی ئاگادارییەكەی حەج و عومرەدا هاتووە،  داوا لە هاووڵاتیان دەکەین کە خۆیان بە دوور بگرن لەم بانگەشانە تا سەروەت و سامانیان بە فیڕۆ نەچێت و ژیانیان نەکەوێتە مەترسییەوە و هەر  کۆمپانیایەک لە ئەگەری هەڵسانی بەم کارە  و لە بەرێوەبەرایەتی گشتی حەج وعومرەی هەرێمی کوردستان مۆڵەتی هەبێت ئەوا مۆڵەتەکەی لێ وەردەگیرێتەوە و جارێکی تر بۆی نییە لە هەرێمی کوردستان و عێراق کاری حەج و عومرە بکاتەوە.


وشە - پۆڵا مەحموود