کامیرۆن: ئۆکراینا دەتوانێت چەکی بەریتانی بەکار بهێنێت بۆ هێرشکردنە سەر خاکی ڕووسیا

:: PM:04:10:03/05/2024 ‌
لە نوێترین لێدوانی ئاگرینی سەرکردە ڕۆژئاواییەکان دژی ڕووسیا و لەشکرکێشییەکەی بۆ سەر خاکی ئۆکراینا، دەیڤد کامیرۆن وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لە کیێڤەوە دەڵێ، ئۆکراینا دەتوانێت لە چەکی پێشکەوتوی بەریتانیا بەهرەمەند بێت بۆ هێرشکردنە ناو ڕووسیا. 

ئەمڕۆ هەینی سێی ئادار پێگەی ''پۆلیتیکۆ'' بڵاوی کردەوە، لە گەشتەکەیدا بۆ ئۆکراینا، دەیڤد کامیرۆن وەزیری دەرەوەی بەریتانیا ڕای گەیاند، ئۆکراینا مافی خۆیەتی چەکی پێشکەوتری بەریتانیا بەکار بهێنێت بۆ هێرشکردە سەر خاکی ڕووسیا، ئەمەیش وەک پشتگیریەکی وڵاتانی ڕۆژئاوا دێت بۆ ئۆکراینا. 

لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ ئاژانسی ''ڕۆیتەرز'' کامیرۆن گوتی، ئۆکراینا دەتوانێت بە گوێرەی خواست و پێویستی خۆی چەکی بەریتانی بەکار بهێنێت، کامیرۆن پێی وایە هەر وەک چۆن ڕووسیا لە ناوجەرگەی ئۆکراینا دەدات، ئۆکرایناش بۆ بەرگریکردن لە خۆی مافی هەیە لە ناو ڕووسیا بدات. 

لە دەمی دەستپێکی شەڕی ئۆکرایناوە تا ئێستە، وڵاتانی ڕۆژئاوا بە مەرجێک ئۆکراینییەکانیان پڕچەک کردووە، ئەویش بریتیی بووە لە خۆ بەدورگرتنی ئۆکرینا لە هێرشکردنە سەر خاکی ڕووسیا، بەڵام لە ماوەی ڕابردوو هەریەکە لە فینلەندا و لاتیڤیا بە ئۆکراینایان گوت، هەر چەکێکت دەدەینێ، بە خواستی خۆت بەکاریان بهێنە، ئەمەیش وایکرد ئۆکراینا دەستکراوە بێت لە هێرشکردنە سەر خاکی ڕووسیا. 

ئەم گوتانەی کامیرۆن دوای ئەوە دێت وڵاتەکە بایەی سێ ملیار پاوەند هاوکاری سەربازی دایە ئۆکراینا، دوای کۆبوونەوەی نێوانیان، ڤلادیمێر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکراینا سوپاسی بێپایانی پاڵپشتی بەریتانییەکانی لە کامیرۆن کرد. 

ماوه‌ی دوو ساڵه‌ شه‌ڕێكی سه‌خت له‌ نێوان ڕووسیا و ئۆكراینا سه‌ری هه‌ڵداوه‌ و له‌شكركێشی مۆسكۆ بۆ سه‌ر كیێڤ، هێدی هێدی ده‌بێته‌ هۆی تێوه‌گلانی ته‌واوی ڕۆژئاوا به‌ شه‌ڕێكی درێژخایه‌ن له‌گه‌ڵ ڕووسیا.


وشە - ئارا هێمن