قەتەر تاوتوێی داخستنی نووسینگەی حەماس لە دۆحە دەكات

:: PM:04:53:04/05/2024 ‌

نووسینگەی سەرەكیی حەماس و زۆرینەی سەركردەكانی لە دۆحەن، ئەوان تایبەتمەندی و ئازادییەكی رەهایان لەو وڵاتە هەیە و زۆر بە ئاسانی بەرپرسانی باڵای قەتەر دەبینن و بۆ میدیاكانی ئەو وڵاتە، بەتایبەتی كەناڵی جەزیرە قسە دەكەن، لە ماوەی دوایی هاتە راگەیاندن كە رەنگە حەماس نووسینگەكەی لە دۆحە بگوازێتەوە، بەرپرسێكی ئاگەداریش لە سیاسەتەكانی حكوومەتی قەتەر ئاشكرای دەكات كە ئەو وڵاتە تاوتوێی ئەگەری داخستنی نووسینگەی حەماس دەكات.

ئەو هەواڵە دوای چەند رۆژێك لە قسەكانی مووسا ئەبو مەرزووق، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی حەماس دێت، كە باسی ئەوەی كرد ئوردن دەبێتە شوێنی داهاتووی سەركردەكانی بزووتنەوەكە ئەگەر بڕیار بدەن قەتەر جێبیڵن، هاوكات چوونی ئەوانی بۆ عێراق و سووریا و توركیا رەت كردەوە.

بەرپرسێكی قەتەری لەو بارەوە بە "رۆیتەرز"ی راگەیاند، قەتەر تاوتوێی ئەوە دەكات ئاخۆ رێگە بەوە بدات چیتر مەكتەبی سیاسی حەماس لەناو خاكەكەی كار بكەن، پێداچوونەوە بەو بابەتەش ئەوە دەگرێتە ئاخۆ دۆحە لە رۆڵی میانگیری لە ئاڵۆزییەكانی غەزە بەردەوام دەبێت، كە لە 7ی تشرینی یەكەمی 2013 بەردەوامە.

دووپاتی كردەوە، هۆكاری ئەوەش ئەوەیە ئەگەر قەتەر رۆڵی لە میانگیری نەبێت، مانەوەی مەكتەبی سیاسیی حەماس لە دۆحە چ سوودێكی هەیە، بۆیە ئەوانە بەشێكن لە پرۆسەی هەڵسەنگاندنەوەی دۆخەكە، ئەو بەرپرسە نەیزانی ئاخۆ ئەگەر حكوومەتی قەتەر بڕیاری داخستنی نووسینگەی حەماس لە دۆحە بدات، داوا لە سەركردەكانی ئەو بزاوە دەكات وڵاتەكەی جێ بێڵن یان نا، بەڵام گوتی، پێداچوونەوەی قەتەر بۆ رۆڵی دەوەستێتە سەر رەفتارەكانی هەریەك لە ئیسرائیل و حەماس لەو گفتوگۆیانەی ئێستە هەیە. 

دوێنێ رۆژنامەی "واشنتن پۆست"، لە بەرپرسێكی ئەمەریكی گواستەوە كە واشنتن داوای لە قەتەر كردووە ئەگەر لە رەتكردنەوەی رێككەوتنی ئاگربەست لەگەڵ ئیسرائیل بەردەوام بێت، حەماس لە وڵاتەكە دەربكات، كە ئەمڕۆ گفتوگۆكارانی حەماس گەیشتوونەتە قاهیرە بۆ ئەو مەبەستە. 

شایەنی باسە سەركردە سیاسییەكانی حەماس لە 2012ەوە لە دۆحەن، ئەوەش بە رێككەوتن لەگەڵ ئەمەریكا، كاتێك ئیسماعیل هەنییە، سەركردەی حەماس لە دۆحە دەژیت، ئەو گوشارانەی ئەمەریكا و قەتەر بۆ ناچاركردنی حەماسە بۆ ئازادگردنی بارمەتە ئیسرائیلییە گیراوەكانە كە حەماس لە 7ی تشرینی یەكەمی ساڵی رابردوو گرتوونی.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل