كۆلا كوشندەترە یان قاوە؟

:: PM:07:25:05/05/2024 ‌

دەركەوت ئەو خۆ ڕۆشنبیركردنەی بەدیار قاوەیەكی سەر كەفاوییەوە لەبەر پەنجەرە دانیشتوویت و كتێب دەخوێنیتەوە، زیانی زۆر زیاترە لەو كۆكاكۆلایەی لەناو پەرداخێكی وردەسەهۆڵاویدا هەڵی دەقوڕێنیت. ئەمە لە نوێترین توێژینەوەدا لەبارەی زیانەكانی شەكر ئاشكرا بووە.

تا دێت ڕێژەی شەكر لە خواردن و خواردنەوەكانماندا زیاد دەكات و هیچ خواردنێك نەمێنێت بێ شەكر، تەنانەت ئەو خواردنانەش كە هەست ناكەیت شەكری تێدایە، بۆ نموونە هەمگەرەكەی زۆر بەلاتەوە خۆشە، كەچەپەكەی پڕی شەكرە، تەنانەت چیشتخانە كوردەوارییەكانیش كە برنج و فاسۆڵیای خۆشیان هەیە، شەكر دەسووتێنن و دەیكەنە فاسۆلیاكەوە بۆ ئەوەی خەست بێتەوە، ئەمەش وای كردووە شەكر لە هەموو كایەكانی ژیانماندا هەبێت كە هۆكاری سەرەكیی قەڵەوی و نەخۆشییەكانی دڵ و جەڵتەی مێشك و هەندێك جۆری شێرپەنجەیە، جیا لە نەخۆشییە هەرە باوەكەی پێی دەگوترێت نەخۆشیی شەكرە.

لە توێژینەوەیەكی نوێدا لەبارەی ئەو جۆرە قاوانەی كە پڕی كرێمە لە سەری كوپەكەدا هەڵكفیوە یان نەخشی پێ دروست كراوە، شەكرەكەی لەبەر ئەوەی دەسووتێندرێت، حەوت جار لە شەكری خواردنەوە گازییەكان مەترسی زیاترە. واتە لەجێی ئەوەی قاوەیەكی سادە بخۆیتەوە كە هەم مەزاج و هۆشیاریت دەبووژێنێتەوە، كاتێك دەیگۆڕیت بەو جۆرە قاوانەی كە كاپوچینۆ، لاتێ، هۆت چۆكلێت یان هەر ناوێكی تری هەیە، خۆت تووشی زیانێكی زۆر كردووە.

لە توێژینەوەكەدا دەری دەخات، بەردەوامیی خواردنی شەكر، بە تایبەتی ئەو شەكرەی دەكرێتە ئەو جۆرە قاوانە یان خواردنەوە وزەبەخشەكان، یان تەنانەت شەربەت و خواردنەوەی گازیش، دەبێتە هۆی ئەوەی گۆڕانكاریی كیمیایی لە پێكهاتە دەمارییەكانی مێشك بكەن و چیتر هەستی خۆشبەختی لە مرۆڤدا كەم دەكاتەوە.

بەڕێوەبەرایەتیی خۆراك و دەرمانی ئەمەریكا هۆشداری دەداتە هەموو كەسێك كە تەمەنی منداڵی تێ پەڕاندووە، ڕۆژانە لە 50 گرام زیاتر شەكر نەخوات كە دەكاتە دوو هەزار كالۆری. ئەمەش مەبەستیان لە هەموو جۆرە شەكرێكە. واتە ئەگەر لە ڕۆژێكدا مۆزێكت خوارد، ئیدی لەو ڕۆژەدا پێویست ناكات هیچ خواردنێكی تر بخۆیت كە شەكری تێدایە، بەڵكوو بە پێچەوانەوە لەو ڕێژەیەی دیاری كراوە زیاتر بخۆیت، نزیكتر دەبیتەوە لەو نەخۆشیانەی باس كران.

توێژینەوە ئەمەریكییەكە ئاشكرای دەكات، 74% ی خواردن و خواردنەوە قوتووكراوەكانی ئەمەریكا، شەكریان تێدایە، تەنانەت ئەوانەش كە وا دەردەكەوێت تەندروست بن، وەك زەڵاتەی قوتووكراو، فاسۆڵیای لێنراو، ترشیاتەكان و تەنانەت ماست و ماستاویش.




وشە - عەبدوڵا عومەر