بۆچی هەندێك كەس تێر نابن و بە بەردەوام برسییانە؟

:: PM:07:49:05/05/2024 ‌

رەنگە خۆت یان كەسێكی نزیكت یان هاوڕێیەكت وا بێت، ئەو بەردەوام هەست بە برسیەتی دەكات و تێر نابێت، بەوەش جیا لە قەڵەوی، تووشی چەندان كێشەی تەندروستی دەبێتەوە و لە ناچاری نەبێت ناتوانێت كۆنترۆڵی خۆی بكات، بەڵام ئەوان بۆچی ئاوان؟

رۆژنامەی "تەلەگراف"ی بەریتانی باسی ئەوە دەكات كە لە هۆكارەكانی وا دەكات خەڵك زۆر خواردن بخۆن، بوونی كێشەیەكە لە هۆرمۆنی گریلین، كە بە هۆرمۆنی برسیەتی دەناسرێت، بەرزبوونەوەی دەردانی ئەو هۆرمۆنە، دەبێتە هۆی زیادبوونی خواستی خواردن، هاوكات بۆ دروستبوونی هەستی تێربوونیش، پێویستە مێشك ئاماژەی لە هۆرمۆنی لیپتین یان هۆرمۆنی تێربوونەوە پێ بگات.

گایلز یو، شارەزای بواری قەڵەوی و مامۆستای كوێرە رژێنەكان لە زانكۆی كامبرێج دەڵێت، هەستنەكردن بە تێربوون لە دوای خواردن پێوەندی بە هۆرمۆنەكانەوە هەیە، جیا لە گوشاری دەروونی كە وا دەكات لەش كۆرتیزۆل بەرهەم بێنێت، كە ئارەزووی خواردن زیاد دەكات و وا دەكات مرۆڤ خواردنی زیاتر بخوات، ئەوە جگە لە زیادكردنی خواستی خواردنی خۆراكی شیرین و چەور، كە سوودی خۆراكی ئەوتۆیان نییە و مرۆڤ تێر ناكەن. 

هەندێك كەس هەن بەهۆی بێزاری و خۆ رزگاركردن لە بیركردنەوەی زۆر و هەستی ناخۆش، پەنا بۆ خواردنی زیاتر دەبەن، ئەوەش بە تێپەڕبوونی كات دەبێتە خو و ئەو كەسە بۆی ئاسانترە لە بری ئەنجامدانی كار و چالاكی، ئەوانە جیا لە بوونی هەندێك جۆر دەرمان كە خواستی خواردن زیاد دەكەن و وا دەكەن ئەو كەسە بە بەردەوام هەست بە برسیەتی بكات، لەوانە دژەهەستیاری یان دژەخەمۆكی یان دەرمانی شەكرە و بەرزیی پەستانی خوێن و حەبی رێگرتن لە دووگیانبوون. 

جیا لەوانە شارەزایان دەڵێن كەمخەوی دەبێتە هۆی زیادبوونی دەردانی هۆرمۆنی گریلین، هەروەها خێراخواردن و نەجوینی وەك پێویست و نەخواردن لە هەندێك كات كە خواردن خێرا دەكەن ئەوانە خراپن و پێویستە ریشاڵی زیاتر بخورێت، واتە سەوزە و میوە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل