زیاتر لە 37 ملیۆن كەس كارتی نیشتمانییان دەرهێناوە

:: AM:09:22:07/05/2024 ‌
هەرچەندە هاووڵاتییان گلەیی لە بەڕێكردنی مامەڵەكانیان دەكەن، بەڵام تا ئێستە زیاتر لە 37 ملیۆن كەس كارتی نیشتمانییان دەركردووە و ژمارەی مامەڵەكانیش بۆ دەركردنی كارتەكە كەمی كردووە.

ماوەی ساڵێكە بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی عێراق، كارتی نیشتمانی شوێنی سەرجەم پێناسەكانی تر دەگرێتەوە، ئەوەش بووە هۆی ئەوەی زۆرینەی خەڵك، دەست بكەن بەمامەڵەی دەرهێنانی ئەو كارتە و لە ئەنجامدا قەرەباڵغییەكی زۆری لەسەر بەڕێوەبەرایەتییەكانی دەرهێنانی كارتی نیشتمانی دروست كرد.

 هاووڵاتییان كە لە ڕێی ئەلیكترۆنییەوە داوای دەركردنی كارتی نیشتمانی پێشكەش دەكەن، گلەییان لە سستیی بەڕێوەچوونی مامەڵەكانیان هەیە و نۆرەگرتن لە هەندێك شاردا، دوو هەفتە تا مانگێكی زیاتریش دەوێت.

لەوبارەیەشەوە میقداد میری گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕای گەیاند، هۆكاری دواكەوتنی تەواوبوونی كارتی نیشتمانی، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی هاووڵاتییان بە ڕێی ئەلیكترۆنی داوای مامەڵەكردن پێشكەش دەكەن و ناچن بەدەمییەوە، ئەوەش وا دەكات كاتی مامەڵەكەیان دوابخرێت.

ئەوەشی گوت،  ژمارەی پێشكەشكردنی داوای دەركردنی كارتی نیشتمانی كەمی كردووە و بەمنزیكانەش ئاماری نوێ بڵاو دەكەنەوە.

گوتەبێژەكەی وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕاشی گەیاند، تا ئێستە زیاتر لە 37 ملیۆن كەس بوونەتە خاوەنی كارتی نیشتمانی و پرۆسەكەش بەردەوامە، لەمەودوا تەواوی هاووڵاتییانی عێراق دەبنە خاوەنی ئەو كارتە.



وشە - سۆران عەزیز