حەسەن تۆران: بەڕێوەبردنی پۆستی پارێزگاری كەركووك بەشێوەی دەوری هەموو پێكهاتەكان پێی ڕازین

:: PM:01:42:07/05/2024 ‌
سەرۆكی بەرەی توركمان ڕای گەیاند، پێشنیاری بە دەوری بەڕێوەبردنی پۆستی پارێزگاری كەركووك، سەرجەم پێكهاتەكانی ناو كەركووك پێی ڕازین، بەڵام تا ئێستە یەكێتی رازی نەبووە.

حەسەن تۆران سەرۆكی بەرەی توركمانیی عێراق، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی شەرقییە ڕای گەیاند، هەموو پێكهاتەكان ڕازین كە پۆستی پارێزگاری كەركووك لە نێوان لایەنەكاندا بەشێوەی دەوری دابەش بكرێت.

ئەوەشی گوت، تەنیا یەكێتی بەردەوامە لەسەر ئەوەی ئەو پۆستە لای خۆی بێت و ئەوانی تری لێ بێبەش بكات، ئەوەش كارێكە لەمپەری بۆ پۆستی پارێزگاكە دروست كردووە.

تۆران ئاماژەی بەوە داوە كە پێشنیاری بەڕێوەبردنی پۆستی پارێزگای كەركووك بەشێوەی دەوری هی ئەوان بووە، سەرجەم لایەنە عەرەبی و توركمانییەكان بەو پێشنیازە ڕازین، بەڵام  یەكێتی پێداگریی لەوە دەكات بەگوێرەی ئەنجامی هەڵبژاردن، پێویستە پۆستی پارێزگار بۆ ماوەی چوار ساڵ بۆ ئەو بێت، ئەوە لە كاتێكدایە ئەویش ئەو ڕێژە كورسییەی نەهێناوە تا بتوانێ ئەو پۆستە ببات.



وشە - سۆران عەزیز