ئەوانەی كێشەی ددانیان هەیە وریا بن

:: PM:08:24:07/05/2024 ‌

ددان بۆ مرۆڤ زۆر گرنگە و تەنیا ئەوانە بەهاكەی دەزانن كە لە دەستی دەدەن و كێشەی ددان و پووكیان هەیە، پزیشكێكی رووسی هەبوونی كێشەی ددانەكان بە چەند نەخۆشییەكی مەترسیدار دەبەستێتەوە و داوا دەكات پارێزگاری لە تەندروستی ددانەكان بكرێت.

د. محەمەد داخكیلغۆڤ، پسپۆڕی نەخۆشی و نەشتەرگەریی ددان ئاماژە دەكات كە لە بڵاوترین نەخۆشییەكانی بەهۆی كێشەی ددانەوە دروست دەبن، بریتین لە نەخۆشییەكانی دڵ و لوولەكانی خوێن و كۆئەندامی هەرس، چونكە ژمارەیەكی زۆر لوولەی خوێن لە ناوچەی دەم هەن، ئەوان زۆر چالاكن و خۆراك بە پێكهاتەی دەم دەگەیەنن، هاوكات هەر بەكتریا یان هۆكارێكی نەخۆشی لە دەم هەبێت، لە رێگەی ئەو لوولە خوێنانە بە خێرایی لە لەش بڵاو دەبێتەوە و دەگاتە ئەندامەكانی لەش لەوانە دڵ و لوولەكانی خوێن و كۆئەندامی هەرس.

روونی كردەوە، تەنیا بەكتریا و هۆكاری نەخۆشییەكان هەڕەشە نین بۆ سەر كۆئەندامی هەرس، ئەگەر مرۆڤ ددانی نەبێت یان ددانەكانی كلۆر بوون و پووكی تووشی هەوكردن بووبێت، پرۆسەی جوین و هاڕینی خۆراك خراپ دەبێت، واتە خۆراك بە نەجووراوی دەگاتە گەدە و هەرسكردنی زەحمەت دەبێت، بۆیە گەدە بڕێكی زۆر زیاتر لە ترشی هایدرۆكلۆریك و ئەنزیم دەردەدات بۆ هەرسكردنیان، ئەوەش زیان بە گەدە دەگەیەنن و تووشی هەوكردن و برینی دەكەن یان مرۆڤ تووشی قۆلۆنی دەمارگیری دەبێت. 

ئەو پزیشكە باسی دروستبوونی كێشە بۆ لووت و گوێ و گەرووش دەكات، كاتێك چارەسەرنەكردنی ددانەكانی شەویلاكی سەرەوە، كە رەگەكانیان لە كەلێنەكانی لووت نزیكن، هەوكردن بەوێ دەگەیەنن، بۆیە پزیشكان دەڵێن كێشەی ددان هەوكردنی كەڵێنەكانی لووت و لینجە پەردەی كەڵێنەكان دروست دەكات.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل