"وشە" هۆكاری سكاڵای سەرۆكی زانكۆی هەڵەبجە لەسەر مامۆستایەك ئاشكرا دەكات

:: PM:09:40:07/05/2024 ‌

لەسەر سكاڵای سەرۆكی زانكۆی هەڵەبجە، مامۆستا ئوسامە ئەشرەف بڕیاری گرتنی بۆ دەركراوە، مامۆستایەكی هاوڕێی كێشەكە ئاشكرا دەكات و دەڵێت، سەرۆكی زانكۆ ناوی ئەو مامۆستایەی لە لیستی گەشتێكی دەرەوە دەركردووە و ناوی كەسانی نزیكی خۆی تێ كردووە، ئەوەش وای كردووە ئەو مامۆستایە چەند پۆستێك لە فەیسبووك بكات.

مامۆستا رەزوان یاڵانپێی بە "وشە" راگەیاند، ساڵانە زانكۆ ژمارەیەك مامۆستا بۆ دەرەوەی وڵات دەنێرێت، بەپێ هەموو ئەو پێوەرانەی هەن سەرەی مامۆستا ئوسامە بوو، بەڵام د. مەهابات كامل، سەرۆكی زانكۆی هەڵەبجە گوتوویەتی، دەسەڵاتی خۆم بەكار دێنم و ناوی مامۆستا ئوسامەی لە لیستەكە دەرهێناوە، بەبێ ئەوەی هیچ هۆكارێكی هەبێت.

روونی كردەوە، سەرۆكی زانكۆ گوتوویەتی ئەم مامۆستا ئوسامەیە نانێرم بۆ ئەوروپا و كەسانی نزیك لە خۆم دەنێرمە دەرەوە، مامۆستا ئوسامە هیچ پێوەندی بە منەوە نییە و هەرگیز ناینێرم بۆ سەفەری دەرەوە.

مامۆستا رەزوان دووپاتی كردەوە، مامۆستا ئوسامە لە كاردانەوەی دەرهێنانی ناوی لەلایەن سەرۆكی زانكۆ بۆ سەفەری دەرەوەی وڵات، لە فەیسبووك بابەتی نووسیوە بەبێ ئەوەی ناوی سەرۆكی زانكۆ بێنێت، تەنیا وەك بابەتی تەنزئامێز چەند پۆستێكی كردووە، سەرۆكی زانكۆش سكاڵای لە دژی تۆمار كردووە و ئێستە دادوەر بڕیاری دەستبەسەركردنی داوە، كە ئەوەش نائاساییە مامۆستایەكی زانكۆ بگیرێت، بۆیە بەیانی گردبوونەوەیەك بەهۆی گرتنی ئەو هاوپیشەمان رێك دەخەین و كۆنگرەیەكی میدیاییش ساز دەكەین.

هەڵەبجە/ عەزیز رەسووڵ 





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل