قوتابییەك تەقەی لە بەڕێوەبەری قوتابخانەكەی كرد و كوشتی

:: AM:09:06:08/05/2024 ‌
بەهۆی دەركردنی لە قوتابخانەكەی، قوتابییەكی تەمەن 17 ساڵان كە خەڵكی عێراقە، لە توركیا تەقەی لە بەڕێوەبەری قوتابخانەكەی كرد و كوشتی.
 
میدیاكانی توركیا بڵاویان كردەوە، قوتابییەك بەناوی "ی. ك" كە خەڵكی عێراقە، دوای پێنج مانگ لە دەركردنی لە قوتابخانە، گەڕاوەتەوە قوتابخانەكە و تەقەی لە بەڕێوەبەرەكەی كردووە و كوشتوویەتی.

ڕووداوەكە دوێنێ سێشەم حەوتی ئایار لە قوتابخانەیەكی تایبەتی ناوچەی ئەیوبییەی ئیستانبوڵ ڕووی دا. بەپێی زانیاریی راگەیاندنەكان، ئەو قوتابییە كە پێنج مانگ لەمەوبەر "بەهۆی لادانی لە ڕێسای پەروەردەیی و هەڵسوكەوتی نادروست دەركراوە"، دوای ئەوە قوتابییەكە بە دەمانچەوە چووەتە ژووری ئیبراهیم ئۆكتوگانی بەڕێوەبەری قوتابخانە و سێ فیشەكی پێوە ناوە.

سێ سەعات دوای رووداوەكە، "ی. ك" لەلایەن پۆلیسی ئیستانبوڵەوە گیرا و بەگوێرەی لێكۆڵینەوەی پۆلیس، ئەو قوتابییە تەمەن 17 ساڵە، لەلایەن پۆلیسەوە داواكراو بووە. هاوكات پۆلیس باس لە بوونی تۆمەتی تریش لەسەر ئەو قوتابییە عێراقییە دەكات.

 بەگوێرەی راپۆرتێكی دەزگای ئوموت، ساڵی 2023 لە توركیادا سێ هەزار و 773 شەڕ و پێكدادان ڕوویان داوە. لەو ڕووداوانەدا دوو هەزار و 318 كەس گیانیان لە دەست داوە و سێ هەزار و 820 كەسیش بریندار بوون.
 




وشە - سۆران عەزیز