سەرچاوەكانی هەواڵ: باوكێك كۆتایی بە ژیانی 11 ئەندامی خێزانەكەی خۆی هێنا

:: PM:11:07:08/05/2024 ‌
 
سەرچاوە تەناهییەكان بە چەند سەرچاوەیەكی هەواڵیی عێراقییان راگەیاندووە، ئەمشەو لە بەسرە باوكێك هەستاوە بە كوشتنی تەواوی خانەوادەكەی و دواتریش خۆی كوشتووە، بەپێی زانیارییە سەرەتاییەكان بەهۆی كەڵەكەبوونی قەرزەوە بووە لەسەر باوكەكە. 

ئەمشەو چوارشەم هەشتی ئایاری 2024، تەلەفزیۆنی شەرقیە و پێگەی هەواڵی "شەفەق نیوز" بەپشت بەستن بە چەند سەرچاوەیەكی تەناهییەوە بڵاویان كردووەتەوە، باوكێك لە شارەدێی "شەتولعەرەب" بەهۆی كەڵەكەبوونی قەرزێكی زۆر لەسەری و ئەو پاڵەپەستۆ زۆرانەی دەخرانە سەری بۆ گەڕاندنەوەی قەرزەكان، هەڵدەستێت بە كوشتنی تەواوی ئەندامانی خێزانەكەی لە ناو ماڵەكەی خۆیاندا كە لە 11 كەس پێكهاتوون و دواتریش خۆی دەكوژێت. 

لە هەواڵەكە ئەوەیش هاتووە، باوكەكە لە كوشتنی ئەندامانی خێزانەكەی و خوكوژییەكەی خۆشیدا، چەكی جۆری كلانشیكۆفی بەكار هێناوە و لە ئێستەیشدا هێزێكی گەورەی تەناهی و پۆلیس گەیشتوونەتە ناوچەكە و گشت تەرمەكان رەوانەی پزیشكی دادی بەسرە كراون بۆ تەواو كردنی رێكارە یاساییەكان.
 


وشە - پۆڵا مەحموود