وەزارەتی شارەوانی ڕای دەگەیەنێت، تا هەفتەی داهاتوو هەموو زانیارییەك لەسەر شوێنی دابینكردنی زەوی بۆ فەرمانبەران ئامادە دەکرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەم، نۆی ئایار، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بڵاوی كردەوە كە پێویستە تا هەفتەی داهاتوو، سەرجەم شارەوانییەكان ڕاپۆرتێكی تەواو و تێروتەسەل ئامادە بكەن و تێیدا ژمارەی فەرمانبەران و شوێنی دابینكردنی زەوی لەسەر نەخشەدا دیاری بكرێت.
بەپێی داوایەكی ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا لەگەڵ ڕاوێژكاران و بەڕێوەبەرانی گشتیی وەزارەتەكەیدا، ئەوەشی پێ گوتوون، ئەگەر زەوی لە سنووری ماستەرپلاندا بەردەست نەبوو، بۆ ئەوەی زۆرترین ژمارەی فەرمانبەران لە وەرگرتنی زەویدا سوودمەند ببن، پێویستە ماستەرپلانی شارەوانییەکان فراوان بکەن و زەوی دابین بکەن.
دوای ئەوەی مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان مزگێنیی دابەشكردنی وەزیی بەسەر هەموو فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دا، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری ڕاسپارد زوو دەست بە ڕێكارەكانی دابەشكردنی زەوی بكەن و ئەو وەزارەتەش لە ڕێی چەند لیژنەیەكەوە خەریكی ئامادەكردنی ڕێوشوێنەكانە.