سەدر دەگەڕێتەوە.. نەخشەی سیاسی چۆن دەگۆڕێت؟

:: PM:08:30:13/05/2024 ‌

بە بۆچوونی زۆرینەی سیاسەتوان و چاودێرانی دۆخی عێراق، ئاماژەكانی گەڕانەوەی موقتەدا سەدر و رەوتەكەی بۆ ناو گۆڕەپانی سیاسی دەركەوتووە، خۆیان بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق ئامادە دەكەن كە بڕیارە لە كۆتایی ساڵی داهاتوو بێتە سازكردن.

دوای ئەوەی موقتەدا سەدر لە 15ی حوزەیرانی 2022 بڕیاری كشانەوەی لە پرۆسەی سیاسی دا و گۆڕەپانەكەی بۆ شیعەی نزیك لە ئێران چۆڵ كرد بۆ پێكهێنانی حكوومەتەكەیان، دووپاتی كردەوە كە لەگەڵ گەندەڵكاران ناچێتە ناو حكوومەت، لە 11ی نیسانی رابردوو ناوی رەوتەكەی كردە "رەوتی نیشتمانیی شیعە"، ئاژانسی "رۆیتەرز"، ئاماژە دەكات كە رەوتی سەدر سوورە لەسەر گەڕانەوە و بەدەستهێنانی ژمارەیەكی زیاتری كورسی لە پەرلەمان، ئەگەرچی بە فەرمی ئەوەی رانەگەیاندووە.

پەرلەمانتارێكی پێشووی رەوتی سەدر دووپاتی دەكاتەوە كە ئەوجارەیان سوورترن لەسەر بردنەوە بە ژمارەیەكی زیاتری كورسییەكانی پەرلەمان و پێكهێنانی حكوومەتی زۆرینە، كەسێكی نزیكیش لە نووسینگەی عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای نەجەف ئاشكرای كرد كە ئەنجامی كۆبوونەوەكەی سەدر لەگەڵ سیستانی ئەرینی بووە.

لە مانگی ئازاری رابردوو موقتەدا سەدر سەردانی عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای نەجەفی كرد، سەدرییەكان پێیان وایە لەو كۆبوونەوەیە سەدر پاڵپشتیی گەڕانەوەی وەرگرتووە، چونكە دوای دیدارەكە بە چەند رۆژێك سەدر داوای لە ئەندامانی دەستلەكاركێشاوەی لە پەرلەمان كرد كە خۆیان رێك بخەنەوە.

موجاشیع تەمیمی، چالاكی سیاسی نزیك لە رەوتی سەدر دەڵێت، گەڕانەوەی رەوتی سەدر بۆ گۆڕەپانی سیاسی زۆر نزیكە، ئەو هەمان درووشمی رەتكردنەوەی دەستوەردانی ئەمەریكا و ئێران بەرز دەكاتەوە، بەڵام گەڕانەوەی دەبێتە سەرئێشە و مایەی نیگەرانیی هێزە سیاسییە شیعەكانی تر لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی، چونكە هەوڵی پێكهێنانی حكوومەتی زۆرینەی نیشتمانی دەدات.

موختار مووسەوی، پەرلەمانتاری چوارچێوەی هاوئاهەنگی پێی وایە بابەتی گەڕانەوەی رەوتی سەدر بۆ گۆڕەپانی سیاسی نیوچە یەكلا كراوەتەوە، بەشداری لە هەڵبژاردنی كۆتایی 2025ی پەرلەمان دەكات و رەنگە لە چەند مانگی داهاتوو ئامادەسازییەكانی دەركەون.

ئەحمەد شەریفی، شارەزای سیاسی و تەناهی ئاماژە دەكات كە كۆبوونەوەكەی سەدر و سیستانی لە نەجەف راگەیاندنی ناوی نوێی رەوتی سەدر، دووپات لە هەوڵی موقتەدا سەدر دەكەن بۆ گەڕانەوەیەكی بەهێز لە داهاتوو بۆ كاری سیاسی، ئەو كار بۆ سنوورداركردنی دەسەڵاتی چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەكات كە ئێستە بەسەر كایەكانی دەسەڵات باڵادەستن. 

شەریفی پێی وایە سەدر لەو شوێنەوە دەست پێ دەكاتەوە كە كۆتایی هاتبوو، واتە بە پێكهێنانی حكوومەتێكی زۆرینەی نیشتمانی بە بەشداری هێزەكانی شیعە و كورد و سوننە، بەڵام پێشبینی دەكەین كە ئەو ڤیتۆیەی پێشتر لە بەشداری پێكردنی چەند لایەنێكی شیعە هەیبوو، لەوانە دەوڵەتی یاسا و نووری مالیكی و عەسائیب ئەهلولحەق لە حكوومەتەكەی هەر بمێنێت.

سبارەت بە هەڵوێستی ئێران و ئەمەریكا بەرانبەر بە موقتەدا سەدر و گەڕانەوەی بۆ گۆڕەپانی سیاسی، تاران پێی وایە بەشداریكردنی سەدر لە پرسەی سیاسی لە عێراق زۆر گرنگە بۆ پاراستنی سیستمەكە كە شیعە تیایدا باڵادەستە و گەرەنتیی مانەوەی بۆ ماوەیەكی دوورودرێژ، وەك چۆن لە 2019 چووە ناو خۆپێشاندانەكان و مەترسیی رووخاندنی حكوومەتی شیعەی نەهێشت، ئەگەرچی ئێران خواستەكانی سەدر بە تاكڕەوی و خۆجیاكردنەوەی لە هێزەكانیتری شیعە رەت دەكاتەوە.

ئەمەریكاش كە لە 2004 سوپای مەهدی شەڕێكی سەختیان لەگەڵ سوپاكەی كرد و هەڕەشەیەكی رژدیان بۆ سەر ئارامیی عێراق دروست كرد، بەڵام وەك هێزێكی نەیار و خاوەن توانا بۆ وەستانەوەی بە رووی دەسەڵاتی ئێران و میلیشیاكانی لە عێراق سەیری دەكەن، بۆیە پێویستیان پێی هەیە و دەكرێ پێوەندی لەگەڵ ببەستن. 

بە گشتی سەدر ئەوجارە ناوی "رەوتی نیشتمانیی شیعە"ی هەڵبژاردووە، وەك رەخنەیەك لە هێزەكانی تری شیعەی سەر بە ئێران، وەك هەوڵێكیش بۆ راكێشانی تەواوی بنكەی جەماوەری و شەقامی شیعە لە باشوور و ناوەڕاستی عێراق، زۆرینەی شارەزایان پێیان وایە پێویستە گەڕانەوەی ئەوجارەی سەدر توندوتیژی كەمتری پێوە دیار بێت و زیاتر بە رووی هێزە سیاسییەكانی تری شیعە كراوە بێت، بەتایبەتی كە حكوومەتی سوودانی توانی جۆرە هاوسەنگییەك لە نێوان ئێران و ئەمەریكا دروست بكات.

پێدەچێت هەنگاوەكانی موقتەدا سەدر بۆ گەڕانەوە بۆ گۆڕەپانی سیاسی و دەسەڵات لە عێراق ورد و تاوتوێكراو بێت، بەتایبەتی كە چوارچێوەی هاوئاهەنگی و حكوومەتەكەی نەیانتوانی بە بەڵێن و رێككەوتنەكانیان لەگەڵ كورد و سوننە پابەند بن، بۆیە ئەگەری زۆرە ئەوان ئامادە بن هاوپەیمانیەتی لەگەڵ سەدر دروست بكەنەوە، بەو مەرجەی ئەو پابەند بێت.

سەبارەت بە هێزەكانی شیعەی نزیك لە ئێران، سیاسەتوانێكی دیاری رەوتەكە دەڵێت، رەنگە هەوڵ بدەن كە هاوپەیمانی لەگەڵ هەندێك لایەنی شیعەی دەسەڵات بكەن، لەوانە سەرۆك وەزیرانی عێراق، كە خاوەن جەماوەرێكی زۆرە، هاوكات دوورخستنەوەی هەندێكی تر، بەتایبەتی عەسائیب و قەیس خەزعەلی، بۆیە ئەگەری هاوپەیمانیەتیمان لەگەڵ هەندێكیان هەیە، جگە لە گرووپە گەندەڵ و خراپەكارەكان.

شارەزایان پێیان وایە رەنگە ئەگەر سەدر ئەنجامێكی زۆر گەورەش لە هەڵبژاردن بۆ رەوتەكەی دەستەبەر بكات، بەڵام بەهۆی ئەوەی هێزە شیعە نەیار و میلیشیاكانیان چنگیان بە توندی لە كایەكانی دەوڵەت قایم كردووە، بە توندی بەرگری لە مان و دەسەڵاتەكانیان بكەن و هاوكات بەهۆی گوشارەكانی ئێرانیش، رەوتی سەدر نەتوانێت بە تەواوەتی لاوازیان بكات و دووریان بخاتەوە، بۆیە ناچارە بەشێكیان رابكێشێت، بەتایبەتی سەرۆك وەزیرانی ئێستە، ئەگەرچی نووری مالیكیش خواستی خۆی بۆ گەڕانەوەی رەوتی سەدر و هاوپەیمانی لەگەڵی نەشاردووەتەوە، بەڵام بەگشتی بەشێكی شەقامی شیعە وەك جەماوەر و لایەنگرانی، چاوەڕوانی گەڕانەوەی سەدر و رەوتەكەی دەكەن، كە دوای كشانەوەی زۆریان پێ ناخۆش بوو و هەستیان بە شكانێكی گەورە كرد.             


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل