لە رۆژانی رابردوو، رێگریكردن له خه‌ڵاتكردنی مامۆستا عه‌بدوڵا حه‌سه‌نزاده كه‌سایه‌تیی ئه‌ده‌بی و سیاسی و وه‌رگێڕ و نووسه‌ری كورد، هه‌ڵوێست و ناڕەزایی زۆری به‌دوای خۆیدا هێنا و نووسه‌ر، رۆشنبیر، رۆژنامه‌نووس، شاعیران و خه‌ڵكی تری نیشتمانپه‌روه‌ر، نیگه‌رانیی خۆیان له‌م رووداوه ده‌ردەبڕن و وێڕای ره‌خنه‌گرتن له ئیداره‌ی سلێمانی، به په‌یامی جیاواز هه‌ڵوێستیان وه‌رگرتووه.
رۆژی یه‌كشه‌م 12ی ئایار، له‌لایه‌ن هێزێكە لە سلێمانی، رێگریی له چالاكییەكی دەزگای "كەریمی عەلەكە" كرا، بۆ پێشكەشكردنی خەڵاتی رێزلێنان بە عه‌بدوڵا حه‌سه‌نزاده كه جگه له كه‌سایه‌تییە ئه‌ده‌بییه‌كه‌ی، سه‌ركرده‌یه‌كی سیاسیی رۆژهه‌ڵاتی كوردستانه و سكرتێری پێشووی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران بووه. بە رێگرییە ئەمنیە، دیداری شكور مسته‌فا بۆ وه‌رگێڕان له شاری سلێمانی هه‌ڵوه‌شێنرایه‌وه.
هه‌قه لای كه‌م بۆ ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌ك، سلێمانی ناو بنرێت: پایته‌ختی جه‌هل
حه‌مه‌سه‌عید حه‌سه‌ن سه‌رۆكی ئه‌كادیمی كوردی، له لاپه‌ڕه‌ی تایبه‌تیی خۆی له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تیی فه‌یسبووك، به توندی ره‌خنه له ئیداره‌ی سلێمانی ده‌گرێت و پێی وایه به‌پێی ئه‌و ناسناوه‌ی به‌و شاره به‌خشراوه، ئه‌و رووداوه‌ی لێ نه‌ده‌وه‌شایه‌وه.
ئه‌و نووسیویه‌تی ''چونكه ڕێگریی له خه‌ڵاتكردنی مامۆستا عه‌بدوڵای حه‌سه‌نزاده كرا، هه‌قه لای كه‌م بۆ ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌ك، سلێمانی ناو بنرێت: پایته‌ختی جه‌هل.''
عه‌زیز ره‌ئووف نووسه‌ری ناسراوی سلێمانی، یه‌كێكی ترە له‌و كه‌سانەی كه دڵگرانیی خۆی به‌رانبه‌ر رووداوه‌كه‌ی سلێمانی ده‌ربڕیوه و نووسیویه‌تی، ''هه‌ر پێمان ده‌كرێت داوای لێبووردن له ڕۆژهه‌ڵاتییه‌كان بكه‌ین، چونكه ئه‌مه جاری یه‌كه‌م نییه به ڕۆژهه‌ڵاتییه‌كان ده‌ڵێم بمانبوورن". وەك ئەو دەڵێ، هه‌موو ساڵێك و له یادی ڕۆژی كوشتنی قاسمی سلێمانیدا له جیاتی هه‌موو كورد داوای لێبووردنم كرد له كوردستانی ڕۆژهه‌ڵات، ئه‌وكات گوتم دكتۆر قاسملو بمانبووره، ئه‌وانه‌ی یادی قاسمی سلێمانی ده‌كه‌نه‌وه ڕای هه‌موو خه‌ڵكی كوردستان نین، ڕای كه‌مینه‌یه‌كی نوخبه‌ی سیاسی و ئۆپۆزسیۆنی هه‌لپه‌رست و كۆمه‌ڵێك هێزی به‌تاڵ و حهتاڵن كه باشووری كوردستانیان ناشیرین كردووه و هه‌ر ڕۆژه‌ی تووشی ئیحراجییهكمان ده‌كه‌ن.
رەئووف له كۆتایی په‌یامه‌كه‌یدا نووسیویه‌تی، ''وه‌رگێڕی حه‌مه‌دۆك و گێله‌پیاو و دان چه‌رموو و ده‌یان شاكاری تر، بمانبووره، به‌خوا خه‌تای ئێمه نییه، خه‌تای گێلهپیاوهكانی سیاسه‌ته له باشوور كه نایه‌ڵن به ڕه‌مزیش بێت سوپاست بكه‌ین و ده‌ستخۆشیت لێ بكه‌ین.''
هەر خۆی خه‌ڵاتێكی یه‌زدانییه بۆ گه‌له‌كه‌ی.
له‌لایه‌كی تره‌وه دكتۆر سه‌روه‌ر عه‌بدولڕه‌حمان سه‌رۆكی ئه‌نستیتیوتی په‌ی بۆ توێژینه‌وه، له نووسینێكی كورتدا له فه‌یسبووك، ئاماژه‌ی بەوە داوه كه عه‌بدوڵای حه‌سه‌نزاده هه‌موو ته‌مه‌نی خه‌بات بووه له‌پێناوی وشه و خاكدا، به رێگریی له به‌خشینی خه‌ڵاتێك پێی، نه‌ك بچووك نابێته‌وه، به‌ڵكو گه‌وره‌تر ده‌بێت، چونكه هه‌ر خۆی خه‌ڵاتێكی یه‌زدانییه بۆ گه‌له‌كه‌ی.
ناڕەزاییەكە هەر بە نیگەرانی رۆشنبیرانەوە نەوەستا، بگرە پەڕیوە ناو دەستەبژێری سیاسیش و ئه‌ژی ئه‌مین كه‌سایه‌تیی دیاری تەناهیی هه‌رێمی كوردستان، ره‌خنه‌ی توندی له بەڕێوەبەرانی سلێمانی گرت و رەفتارەكەیان به كارێكی "ناشیرین" هه‌ژمار كرد.
ئه‌مین راستەوخۆ نووسیویه‌تی ''ڕێگریكردن له ڕێزلێنانی تێكۆشه‌ری دێرین و نووسه‌ری گه‌وره مامۆستا عه‌بدوڵا حه‌سه‌نزاده، له‌لایه‌ن هێزه ته‌ناهییه‌كانی سلێمانییه‌وه، ڕێسوا ده‌كه‌م. ''
به گوته‌ی ئه‌مین، له كاتێكدا یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به‌ره‌و ساڵیادی خۆی ده‌چێت، به‌شێك له به‌رپرسانی ئه‌و حزبه كه‌مته‌رخه‌م نه‌بوون له سووكایه‌تی و پێشێلكردنی ئه‌و به‌هایانه‌ی ڕه‌وانشاد مام جه‌لال بڕوای پێیان هه‌بوو. ڕێگریكردن له تێكۆشه‌رێكی گه‌وره‌ی وه‌ك مامۆستا حه‌سه‌نزاده و دۆستی دێرینی مام جه‌لال، بێڕێزی و سووكایه‌تییه‌كی تره به مێژووی مام و یه‌كێتی.
ئه‌ژی رووی ده‌می لە رۆشنبیرانی سلێمانی كرد و گوتی، بێده‌نگیی ڕۆشنبیر و نووسه‌ر و ڕۆژنامه‌نووسانی پایته‌ختی ڕۆشنبیری له به‌رانبه‌ر كاره‌كانی ئه‌و جاشپهرست و جاشدۆستانه، هێنده‌ی تر پرسیار دروست ده‌كات له‌باره‌ی هه‌ڵوێستی ئه‌وانیش له هه‌مبه‌ر پرسه نه‌ته‌وایه‌تییه‌كاندا.
له‌لایه‌كی تره‌وه سه‌رباز ساڵح سه‌رنووسه‌ری ده‌زگای میدیایی ''وشه''، یه‌كێكی تر له‌و كه‌سانه‌یه كه نیگه‌رانه له‌و رووداوه‌ی سلێمانی و پێی وایه "مامۆستا عه‌بدوڵا حه‌سه‌نزاده، زۆر زۆری بۆ زمان و رۆشنبیریی كورد كردووه" ئەو دەڵێ، حه‌ق نه‌بوو رێگری له رێزلێنانه‌كه‌ی بكرێ و له‌وه‌ش ناحهقیتر بێده‌نگی رۆشنبیرانی سلێمانی و بێهه‌ڵوێستییه ههمیشهییهكهیانه، به‌رانبه‌ر ئه‌و جۆره ڕووداوه ئێرانییه. دووپاتیشی دەكاتەوە "ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی له سلێمانی رووی دا، له هه‌ولێر بووایە، مێشكیان ده‌بردن".
عەبدوڵا حەسەنزادە ئێستە تەمەنی 86 ساڵە و بۆ یەك چركەیش نەوەستاوە لە خزمەتی زمان و رۆشنبیریی كوردی
عەبدوڵا حەسەنزادە ئێستە تەمەنی 86 ساڵە و بۆ یەك چركەیش نەوەستاوە لە خزمەتی زمان و رۆشنبیریی كوردی، لە ڕووی سیاسیشەوە هەموو تەمەنی بە نەتەوەكەی بەخشیوە. ئەو بە كتێبەكانی جیا لە هەموو ڕووداوە شۆڕشگێری و سیاسییەكانی ژیانی، پێوەندییەكی دۆستانە و راستەوخۆی لەگەڵ چەند نەوەیەكی كورد لە كوردستانی گەورەدا هەیە و بەردەوام خوێنەران پێزانینیان هەیە بۆ خزمەتەكانی.
مه‌جید حه‌قیقی چالاكی سیاسیی رۆژهەڵاتی كوردستان، ئاماژەی بەوە داوە كە مامۆستا عه‌بدوڵا حه‌سه‌نزاده دووجار خه‌ڵات كراوه، جارێك به‌هۆی ڕاگه‌یاندنی به‌خشینی خه‌ڵاتی كه‌ریمی عه‌له‌كه و جارێكیش به‌هۆی ئه‌وه‌ی رژێمی ئێران ته‌نانه‌ت ترسی هه‌یه له وه‌رگرتنی خه‌ڵاتێكی وێژه‌یی له‌لایه‌ن مامۆستاوه. جاری سێیه‌میش خه‌ڵاتی بوون به خۆشه‌ویستی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستانی بەدەست هێناوە. له‌وانه‌یه بتوانن پێشی چوونی مامۆستا بۆ سلێمانی بگرن، به‌ڵام ده‌رگای دڵی خه‌ڵكی كوردستان به هیچ ڤیتۆ و ئاسایشێك ناگیریت.
لای خۆیەوە بەیار ره‌شید بە توندی دەڵێ، شه‌رمه‌زارییه بۆ ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له سلێمانی، ڕێ نه‌دات گه‌وهه‌رێكی كوردیی وه‌ك مامۆستا عه‌بدوڵا خه‌ڵات بكرێت. ئه‌و ده‌نووسێت، ''كێ هه‌یه كورد بێت و ئه‌وه‌نده بوێریی هه‌بێت، ئه‌م هه‌موو بێڕێزییه بكات، باسی ئازادی و ئه‌و شتانه هه‌ڵگرن بۆ خۆتان، ئه‌م په‌ڵه‌یه‌ش ده‌خه‌ینه پاڵ ئه‌وانیتر و هه‌ڵی ده‌گرین بۆ مێژوو.''
فازڵ شه‌وڕۆی شاعیر به په‌خشان و هۆنراوه رێزی خۆی به‌رانبه‌ر حه‌سه‌نزاده ده‌رده‌بڕیوه و نووسیویه‌تی، مه‌گه‌ر هه‌ر قه‌ندیل، زات بكا باڵای به باڵای تۆ بگرێ. مه‌گه‌ر هه‌ر ئاسمان، به قه‌د هزر و هۆش و زه‌ینی تۆ فراوان و واڵابێ. ده‌ریا فهرههنگنووس بووایه، ده‌بووه شاگردی به‌رده‌ستی تۆ، خامه بووك بووایه، هه‌ر وشه‌ی زاری تۆی ده‌كرده دهسڕۆكهی سه‌ری خۆی.
قه‌ڵای لم، پڕۆشهی شه‌پۆل ڕایده‌ماڵێ.. كۆشكی خۆڵ، كزه‌با ده‌یبا.. گڤه گڤی هه‌یته و حه‌سحه‌س، به‌رامبه‌ر باڵای قه‌ڵه‌می تۆ.. هه‌ر هیچ هیچ نین، تۆ مێژووی، تۆ زمانی كوردی، تۆ ئه‌ده‌بی كوردی، تۆ ڕه‌مز و هێمای شاخی كوردستانی، ئه‌وان هیچ هیچن... هیچتر له هیچ.
به‌شێك له بڕیاره‌كان بۆ سه‌ر كوردانی ڕۆژهه‌ڵات له ئێرانه‌وه دێن
بەڵام ره‌سووڵ سوڵتانی وه‌رگێڕ و شاعیری ناسراوی رۆژهه‌ڵاتی و نیشته‌جێی هه‌نده‌ران، باس له‌وه ده‌كات كه به‌شێك له بڕیاره‌كان بۆ سه‌ر كوردانی ڕۆژهه‌ڵات له ئێرانه‌وه دێن و ئاماژه به چه‌ند نموونه‌یه‌ك ده‌كات كه له ماوه‌ی رابردوودا، به فه‌رمانی كۆماری ئیسلامی جێبه‌جێ كراون، له‌وانه "لابردنی مایكی كوردكاناڵ ته‌له‌ڤزیۆنی فه‌رمیی حدكا له ڕێوڕه‌سمه‌كان، بانگهێشتنه‌كردنی مامۆستا بۆ كۆڕه ئه‌ده‌بییه‌كان، هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی كۆڕه‌كه‌ی سلێمانی".
ئه‌و پێی وایه، ئه‌مانه نه بڕیاری پارتی و نه یه‌كێتین و نه ویستی خه‌ڵكی باشوورن. ئه‌وه بڕیاری فه‌رمین له تارانه‌وه ده‌درێن و له‌وێ جێبه‌جێ ده‌كرێن. شوكرانه‌بژێر بن به‌وه‌نده، خۆ ده‌زانن ده‌ڵێم چی؟