بەغدا.. لە دوو رووداوی جیاوازدا كوڕ و كچێك دەكوژرێن

:: AM:10:46:20/05/2024 ‌
سەرچاوەیەكی تەناهی لە پارێزگای بەغدا ئەمڕۆ دوو رووداوی جیاوازی راگەیاند كە كوڕ و كچێك بەهۆكاری نادیار كوژراون، هاوكات برایەكی كچەكەیش بریندارە.

پێگەی "شەفەق نیوز" ئەمڕۆ دووشەم 20ی ئایار بڵاوی كردووەتەوە، لە گەڕەكی ئەعزەمییەی ناوەندی شاری بەغدا، تەقە لە كوڕێك لێ كراوە و دەستبەجێ گیانیان لە دەست داوە. لە رووداوی دووەمیشدا لە گەڕەكی دۆرەی هەمان شار، كچێك كوژراوە و برایەكیشی بریندار بووە.

لەبارەی كوژرانی كوڕەكەی ئەعزەمییە، سەرچاوە تەناهییەكە ئاماژەی داوە، كوڕەكە ناوی "عەلی تاوە"یە و شەوی رابردوو لە شەقامی 20ی گەڕەكی ئەعزەمییە، بە فیشەك لە سەری دراوە، تا ئێستە نەزانراوە ئایا بەهۆی شەڕەوە بووە یان هێرشی چەكداری، بۆیە لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە دەكرێت.

لە رووداوی دووەمیشدا سەرچاوەكە گوتی، كچێك كە لەدایكبووی 2012یە لە گەڕەكی دۆرەی بەغدا، لەگەڵ براكەیدا بووە و لەلایەن ئامۆزایەكی بە دەمانچە تەقەیان لێ كراوە، دەستبەجێ كچەكە گیانی لە دەست داوە و براكەشی بریندار بووە.

سەرچاوەكە ئەوەشی گوت كە بەپێی لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكان، رووداوەكە بەهۆی یاریكردن بە چەكەكە بووە.


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د