چەند نیشانەیەكی شاراوەی نەخۆشی شەكرە

:: PM:07:02:28/05/2024 ‌

نەخۆشی شەكرە یەكێكە لە نەخۆشییە مەترسیدارە درێژخایەنەكان و بە جۆرە جیاوازەكانی چارەسەری بنبڕی نییە، پێویستە مرۆڤ بۆ دوورخستنەوەی كاریگەرییە خراپ و مەترسیدارەكانی خۆی لێی بپارێزێت كە تووشی نەبێت، ئەگەر تووشی هاتەوە ئەوە هەوڵ بدات كۆنترۆڵی بكات، لە خوارەوە هەندێك لە نیشانە شاراوەكانی تووشبوون یان پێش تووشبوونە بە شەكرە.

شارەزایانی پزیشكی ئاماژە دەكەن كە لە نیشانە شاراوەكانی ئەو حاڵەتە، یان بەرزبوونەوەی رێژەی شەكر لە خوێن، زەحمەتیی سارێژبوونی برین و مانەوەی برینە بە كراوەیی بۆ ماوەیەكی درێژ، لە حاڵەتی بەرزبوونەوەی رێژەی شەكر لە خوێن بۆ ماوەیەكی زۆر، مرۆڤ تووشی كێشەی ماسولكەی دڵ و جەڵتەی مێشك و لاوازیی گورچیلەكانی دەبێت، جیا لە لێڵبینی و لەدەستدانی هەستی بینین و دروستبوونی برین لە قاچەكان و ئەگەری پەرەسەندنی بۆ گانگرین و پێویستیی پاككردنەوە و بڕینەوەیان.

لە نیشانەكانی تووشبوون بە شەكرە، كە ئەگەر دەركەوت پێویستە ئەو كەسە سەردانی پزیشكی شارەزای بوارەكە بكات، ماندووبوونی زۆر و داهێزران و برسیەتی و زۆر میزكردن و سارێژنەبوونی خێرای برینە، بەتایبەتی برینە بچووكەكان.

رۆژنامەی "ئیزڤیستیا" ئاماژە دەكات كە لە هۆكارەكانی تووشبوونی مرۆڤ بە شەكرە، زۆر خواردنی شیرینی و كحول و خواردنە چەورە تێر و زیانبەخشەكان و شێوازی ژیانی ناتەندروست، كەسانی قەڵەو و كێش زیاد زیاتر ئەگەری تووشبوونیان هەیە بەهۆی كەمبوونەوەی هەستیاریی خانەكانی لەش بۆ ئەنسۆلین، ئەوە جیا لە بۆماوە، بۆیە پێویستە مرۆڤ ژیانێكی تەندروستی لە رووی خۆراك و كێشی لەش و وەرزشكردن و شێوازی ژیان و گرنگیدانی بە تەندروستی هەبێت.    



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل