پەرلەمانتار و شارەزایان باس لەوە دەكەن كە ئامانجی سەرەكیی بەغدا لاوازكردنی پێگەی هەرێمی كوردستان و قەوارەكەیەتی، روو دەكەنە ئەو كوردانەی لە نەیاران نەیارترن و دووپاتی دەكەنەوە، ئەوانەی دەهۆڵیان بۆ دواكەوتنی مووچەی هێزە تەناهییەكان دەكوتی، بێدەنگ كران و سەرۆكی حكوومەت لەپێناو خەڵكی كوردستان و مووچەخۆران كۆتایی بە هەموو كێشەیەك دێنێت.
لە ماوەی چەند رۆژی رابردوو و پێشتریش لە سەروبەندی پەسەندكردنی بودجەی گشتیی عێراق لە ناوەڕاستی ساڵی رابردوو، كۆمەڵێك پەرلەمانتار هەمیشە بە شانوباڵی بەغدایان هەڵدەدا و دەهۆڵیان بۆ بەغدا دەكوتی، هاوكات باسیان لە دواخستنی مووچەی هێزە تەناهییەكان دەكرد، ئێستە دوای چارەسەركردنی كێشەی مووچە ئەوان بێدەنگ بوون و خۆشیان نازانن ئەوكات بۆچی وایان كرد، چونكە بەو جۆرە دەرنەچوو كە ئەوان سەرچۆپییان پێ گرتبوو، وەك ئەوەی پارەكە لەسەر حیسابی ئەوان خەرج بكرێت.
لەوبارەوە خەدیجە عومەر تەها، ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، هەركات كێشەیەك دروست ببێت، بەتایبەتی لەبارەی مووچەوە، كۆمەڵێك لە ناوخۆ هەن كە هەمیشە دژایەتیی خۆیان بۆ هەرێمی كوردستان و حكوومەتی هەرێم نیشان داوە، دەست بە دەهۆڵ كوتین دەكەن، ئەوانە چێژ لەوە دەبینن كە كێشە هەبێت و مووچە نەدرێت، ئەو ماوەی مووچەی هێزە تەناهییەكان دوا كەوت و بەغدا نەینارد، ئەوانە زوو زوو دەچوونە سەر شاشە و بە ئاراستەی تێكدانی دۆخەكە قسەیان دەكرد.
ئاماژەی كرد، وەك سەرۆكی حكوومەت گوتی، بە خۆڕاگریی خەڵك توانرا پیلانەكانی سەر قەوارەی هەرێم پووچەڵ بكرێنەوە، ئەوانە هەمووكات دەهۆڵەكانیان ئامادەیە بۆ ئەوەی بیكوتن و دژایەتیی خۆیان نیشان بدەن، لەكاتێكدا كاری ئەوان ئەوەیە نوێنەرایەتیی خەڵك و پارێزگاری لە دەستەكەوتەكانی خەڵك و بەرگری لە مافەكانیان بكەن، ئەمە كاری ئەوانە نەك ئەوەی خەریكە نانەوەی كێشە بن، كاتێكیش كێشەی مووچە چارەسەر بوو بێدەنگ بوون، چونكە بە قسەی ئەوان دەبوو مووچە نەنێردرێت.
لای خۆیەوە حەسەن عارف، مامۆستا و رۆشنبیر بە "وشە"ی گوت، ئەوانەی داوایان كرد سەر بە بەغدا بین و مووچە لەلایەن بەغداوە بدرێ و مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان راستەوخۆ لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە بدرێت، لە رابردووشدا هەر ئەوان بوون كە داوایان دەكرد حكوومەتی هەرێم نەوت رادەستی عێراق بكات، بەوەش هەموو كێشەكان چارەسەر دەبن و ژیان و گوزەرانی خەڵكی كوردستان دەگاتە ئەوپەڕی خۆشی، بەتایبەتی كێشەی مووچە بەتەواوی چارەسەر دەبێت، ئەوانە هەموو كاتێك دەهۆڵیان بۆ دژایەتیكردنی حكوومەتی هەرێم ئامادە بووە.
ئەو مامۆستایە روونی كردەوە، بەڵام بینیمان كە هەموو شتێك پێچەوانە دەرچوو، كەچی چەرمی روویان ئەوەندە قایمە ئامادە نین ددانی پێدا بنێن، یان لانی كەم ئەوەندە دژە حكوومەتن، هیچ هەڵوێستێكیان بەرانبەر ئەو ستەمەی بەغدا نەبوو، ئەوانە دەبێت لەبەردەم میللەت ددان بەو هەڵەیەدا بنێن، چونكە بەغدا سەیری دەمی ئەوانی كرد، بۆیە هەر جارەو بیانووێك دێننەوە.
پێوەست بە بابەتەكە هیوا رەشید، چاودێری سیاسی بۆ "وشە" ئاماژە دەكات، بەغدا هیچكات ناتوانێت ئەو دڵسۆزە بێت بەرانبەر بە فەرمانبەران و خەڵكی هەرێمی كوردستان كە حكوومەتی خۆمان هەیەتی، بەغدا سیاسەت و مامەڵەیەكی خراپ لەگەڵ فەرمانبەرانی هەرێم دەكات.
دووپاتی لەوە كردەوە كوە جێگەی داخە كۆمەڵێك هەست بەوە ناكەن و لە بەرانبەر هەرێم هەمووكات پشتیوانی بەغدایان كردووە، كاتێك سەرۆكی حكوومەتی بەڵێنی چارەسەری كێشەی دا، ئەوان خەریكی ئەوە بوون دەیانگوت بەغدا مووچە نانێرێت و نایدات، بەڵام هەر چەند سعاتێك دوای ئەوەی كێشەكە چارەسەر كرا و وا هێزە تەناهییەكان مووچە وەردەگرن.
وشە/ تایبەت