شارەزایەكی یاسایی: كۆكردنەوەی پارەی خۆڵ و خاشاك نایاسایییە

:: AM:09:51:17/11/2017 ‌
لیژنەكانی‌ دارایی‌ و شارەوانی‌ لە ئەنجوومەنی‌ پارێزگای‌ هەولێر ئاشكرای دەكەن، وەرگرتنی پارەی خۆڵ و خاشاك تەنیا لە هەولێر جێبەجێ‌ دەكرێت و لەو روانگەیەوە داوا دەكەن جێبەجێكردنی ئەو بڕیارە رابگیرێت.

زێبار نەجات خاوەنی باڵەخانە لە گەڕەكی هەڤاڵانی شاری هەولێر، ئاشكرای دەكات كە ماوەی سێ‌ مانگە بڕی 40 هەزار دینار بۆ خۆڵ و خاشاك دەبەخشێت و نازانێ ئەو پارەیەی دەیدات لە چیدا بەكار دەهێنرێتەوە، ئەوەش جێی نیگەرانی ئەوە، لە كاتێكدا دەسەڵاتی ئەوەی نییە خۆی لە پێدانی پارەكە ببووێرێت.

ئەو خاوەن باڵەخانەیە، بۆ "وشە" دەڵێ، "تا ئێستە سێ‌ جار پارەم داوە و نازانم بۆ چییە، دەڵێن ئەگەر نەیدەیت دەبێت بەقەرز بەسەرتەوە و مانگی داهاتوو دەبێت پارە بدەیت، بۆیە پێویستە بزانرێت ئەو پارەیەی دەیدەین تەنیا هاووڵاتییانی هەولێرە یان شارەكانی تریشە".

عەباس محەمەد سەرۆكی‌ لیژنەی‌ دارایی‌ و ئابووری‌ لە ئەنجوومەنی‌ پارێزگای‌ هەولێر، ئاشكرای دەكات، پێشتر وەزارەتی‌ شارەوانی‌ نووسراویان بۆ ئەنجوومەنی‌ وەزیران كردووە پارەی‌ كۆكردنەوەی خاشاك لە ماڵ و شوێنە گشتییەكان كۆ بكرێتەوە، دواتر لەلایەن ئەنجوومەنی‌ وەزیرانی هەرێمی كوردستان بڕیارەكە دەركراوە و ئەمساڵیش تەنیا لە سنووری‌ پارێزگای‌ هەولێر جێبەجێ كراوە كە پارە لە دووكاندار و شوێنە گشتییەكان كۆ دەكرێتەوە، بەڵام لە شوێنەكانی‌ تر نەكراوە.

محەمەد بۆ "وشە" دەڵێ، "تا سەرەتای‌ مانگی‌ ئاب لەلایەن حكوومەتەوە و بەشێوەیەكی‌ هەڕەمەكی‌ پارەكە كۆ كراوەتەوە، بەڵام لە مانگی‌ ئابەوە دراوە بە كۆمپانیایەكی‌ تایبەت بە كۆكردنەوەی‌ خاشاك و تا ڕادەیەك رێكی‌ خستووە، بەڵام وەرگرتنی‌ ئەو پارانە بە نادادپەروەرییە، بۆ نموونە نەخۆشخانەكان بڕی 200 دۆلاریان لێ‌ وەردەگیرێت، پزیشك هەیە مانگانە 50 هەزار دینار دەدات، بەڵام خواردنگەیەكی‌ گەس 10 هەزار دەدات، لە كاتێكدا خواردنگەكە زبڵی زیاترە".

ئەوەیش دەخاتە ڕوو كە رۆژانە لەلایەن دووكاندارانەوە گلەیییان پێ دەگات، ئەوانیش چەند جارێك لەگەڵ لیژنەی‌ شارەوانی‌ كۆبوونەوەیان كردووە و دواتریش سەرۆكایەتی‌ ئەنجوومەن داوای‌ وەرگرتنی‌ رای‌ كۆتایی هەردوو لیژنەكەی‌ لێ كردوون، ئێستە نووسراوێك ئامادەیە بۆ ئەوەی ئاراستەی ئەنجوومەنی بكەن تا بڕیارێك لەسەر ئەو بابەتە بدرێت، چونكە بەبڕیاری ژمارە (7080)ـی ئەنجوومەنی وەزیران تەنیا لە هەولێر ئەو پارەیە كۆ دەكرێتەوە.

بوونی 111 گەڕەك لە هەولێر لەگەڵ چەندان بازاڕی گەورە، ئێستە وەك قەیسەری و بازاڕی كوران و لەنگە و هەڤاڵان و تەیراوە و چەندانی تر كە پێشبینی نزیكەی 12 هەزار دووكان دەكرێت بەبێ‌ كۆمەڵگە مۆدێرنەكان و ماركێتە گەورەكانی شاری هەولێر، ئەوەش وا دەكات پارەیەكی زۆر بەناوی خۆڵ و خاشاكەوە كۆ بكرێتەوە.

یاساناسێك روونی دەكاتەوە كە هاووڵاتییان دەتوانن سكاڵا تۆمار بكەن و ئەو پارەیەی بۆ كۆكردنەوەی زبڵ و خاشاك داویانە وەریبگرنەوە، سكاڵاكەیشیان یاسایییە بەگوێرەی یاسای عێراق و هەرێمی كوردستان.

كامەران هەردی شارەزای بواری یاسایی، بۆ "وشە" ئاماژەی دا، "بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بۆ كۆكرنەوەی پارەی زبڵ و خاشاك، تەنیا پشتی بەستووە بە یاسای ژمارە 1963ـی عێراقی كە ئەو یاسایەش لەكار خراوە و ئیشی پێ ناكرێت".
"ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پڕۆژەیاسایەكی تری دەركردووە بۆ خزمەتگوزارییە گشتییەكان و ئەو یاسایە ئێستە ئیشی پێ ناكرێت كە لە سەردەمی بەعس دەرچووە، بۆیە پێویستە ڕابگیرێت و هاووڵاتییان مافی خۆیانە سكاڵا بكەن و داوای ئەو بڕە پارەیە بكەنەوە كە داویانە" یاساییەكە وای گوت.

لای خۆیەوە مەهدی محەمەد ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، بۆ "وشە" ئاشكرای دەكات، نە گوێبیستی بڕیاری لەو شێوەیە بووە و نە ئاگەدارە شتێكی لەو شێوەیە لە سلێمانی جێبەجێ‌ كرابێت.

ئەو دەڵێ‌، "ئەگەر شتێكی لەو شێوەیە هەبێت، بێگومان لە ئەنجوومەن گفتوگۆی لەسەر دەكرێت یان باس لە هەبوونی بڕیارێكی لەو شێوەیە دەكرێت، بەڵام تا ئێستە هیچ شتێكی لەو شێوەیە بوونی نییە".



وشە - رامیار جەواد